Accessibility links

وەزیری بەرگری ئەمەریکا: هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین سەرنج لەسەر شەڕی دژ بە داعش لادەبات


وەزیری بەرگری ئەمەریکا جیم ماتس ڕۆژی سێشەممە کاردانەوەی توندی هەبوو لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا دژ بە هێزە کوردیەکانی باکوری سوریا کە ئەمەریکا پشتیوانیان لێدەکات و گوتی ئەمە سەرنج لەسەر شەڕی دژ بە داعش لادەبات.

ماتس لە ئیندۆنیسا بە پەیامنێرانی گوت " توندوتیژییەکان لە عەفرین کاردەکاتە سەر سەقامگیری ئەو ناوچەیەی کە تا ئەندازەیەک ئارام بوو لە سوریا. سەرنجی هەوڵەکانی جیهان بۆ مسۆگەرکردنی شکستپێدانی داعش بەلاڕێدا دەبات، و دەشێت لەلایەن داعش و ئەقاعیدەوە بقۆزرێتەوە".

هەفتەی ڕابوردوو تورکیا دەستیکرد بە بۆردومان کردن و ناردنی هێز بۆ سنوورەکانی عەفرین لە هەوڵێکدا بۆ دەرکردنی یەکینەکانی پاراستنی گەل لەوێ.

وەزیری بەرگری ئەمەریکا جیم ماتس لە جاکارتا پاش کۆبونەوەی لەگەڵ هاوشانە ئیندۆنیسیەکەی بە پەیامنێرانی گوت " ئێمە داوا لە تورکیا دەکەین کردارە لەشکریەکانی سنووردار بکات لە ڕووی کات و هەروەهاش لە ڕووی شوێنەوە."

ڕۆژی یەکشەممە ماتس ڕایگەیاند کە تورکیای ئەندامی ناتۆ، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای لەو هێرشە ئاگادار کردۆتەوە، بەڵام لەو کاتەدا ماتس ڕەخنەی لە ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا نەگرت. ڕۆژی سێشەممە گۆڕانکاری لە هەڵوێستی ماتس بەدی کرا.

ماتس گوتی " لە ناوچەی عەفرین، ئێمە گیشتبووینە ئاستێک کە هاوکارییە مرۆییەکان دەگەیشتن و پەنابەران دەگەڕانەوە. ئەم هەنگاوەی تورکیا ئەو هەوڵانەی تێکدا."

یەپەگە هاوبەشەی سەرەکی ئەمەریکایە لە شەڕی دژ بە گروپی دەوڵەتی ئیسلامیدا، و بەشێکی سەرەکیشن لە هێزەکانی سوریای دیموکرات. بەڵام تورکیا یەپەگە بە گروپێکی تیرۆرستی دەزانێت و تاوانباریان دەکات بەوەی کە پەیوەندیان بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە هەیە.

بڕیاری ئەمەریکا بۆ پشتیوانی کردن لە یەپەگە بوو بە سەرچاوەی ناکۆکیەکانی نێوان واشنتۆن و ئانکەرە، و لەم هەفتەیەدا جارێکی تر تورکیا داوای لە ئەمەریکا کردەوە کۆتایی بە هاوکاری کردنی ئەو گروپە بهێنیت.

XS
SM
MD
LG