گوتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) دەڵێت لە میانەی شەڕەکانی ڕزگارکردنی پارێزگای ڕەققەی باکوری سوریا لە داعش 600 شەڕڤانی ژن گیانیان لەدەستداوە.
نەسرین عەبدوڵڵا ئەمڕۆ چوارشەممە لە وتووێژێکیدا لەگەڵ ڕادیۆ سەوا، گوتیشی ئەو ژنە شەڕڤانانەی بەشداریـیان لە ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیەکانی دژی داعش کردبوو تەنیا کورد نەبوون، بەڵکو عەرەب و بیانیشیان لە نێودابوو و هەندێکیشیان گیانیان لەدەستداوە.
باسی لەوەش کرد ژمارەیەک لە کچان و ژنانی عەرەبی ڕەققە هاتوونەتە نێو ڕیزەکانی یەپەژەوە تاوەکو شەڕی داعش و گروپە تێرۆرستیـیەکانی دیکە بکەن.
جێی ئاماژەیە لە مانگی دەی ساڵی ڕابردوو هێزەکانی سوریای دیموکرات بە پاڵپشتی هێزی تایبەتی ئەمەریکا و هێرشی ئاسمانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی شاری ڕەققەیان بە تەواوی لە داعش ڕزگارکرد. مەزەندەدەکرێت بە هەزاران چەکداری داعش لە میانەی ئۆپـەراسیۆنەکەدا کوژرابن.
لە ئێستادا داعش لە چەند ناوچەیەکی بچوکی دابڕاوی سوریا ماونەتەوە و هیچ شارێکی گەورەیان لە ژێر دەستدا نەماوە.