Accessibility links

ژمارەیەک چەکدار 4 کەسی بیانی لە باکوری نەیجیریا دەڕفێنن


Kaduna state, Nigeria
Kaduna state, Nigeria

پـۆلیسی نەیجیریا دەڵێت ژمارەیەک چەکدار بۆسەیەکیان لە ویلایەتی کادونای باکوری وڵاتەکەیان داناوە و 2 پـۆلیسیان کوشتووە و 4 هاوڵاتی بیانییان ڕفاندووە.

موختار عەلیو گوتەبێژی پـۆلیسی ویلایەتی کادونا گوتی چەکدارەکان لە کاژمێر 7 ی شەو بە کاتی خۆجێی بۆسەکەیان دانابوو لەسەر جادەی نێوان شاری کادونا و ئەبوجای پایتەخت و لە ئاکامدا ئەم چوار بیانیـیە کە بریتین لە 2 ئەمەریکایی و 2 کەنەدی کەوتوونەتە بۆسەکە و ڕفاندوویانن.

گوتیشی 2 پـۆلیس کە پاسەوانیان دەکردن لە شەڕە تەقەی نێوانیان و چەکدارەکان کوژراون.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد هەوڵێکی زۆریان داوە لە پـێناو ڕزگارکردنیان، بەڵام هێشتا ئەنجامیان نەبووە.

گوتەبێژی پـۆلیس ئامادە نەبوو لەبارەی ناسنامەی ڕفێندراوەکان هیچ لێدوانێک بدات.

لە لایەکی دیکە جۆن بابکۆک گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کەنەدا بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوتووە زانیاریـیان هەیە لە بارەی ڕفاندنی 2 کەنەدی لە نەیجیریا وە لە ئێستادا کاربەدەستان لە کونسوڵخانەکانی کەنەدا لە نەیجیریا لە پەیوەندیـیدان لەگەڵ کاربەدەستانی خۆجێی بۆ کۆکردنەوەی زانیاریـیەکان لە بارەی ڕووداوەکەوە.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە نازانرێت کێ لە پشت ڕفاندنی ئەم بیانیانەن. جگە لە بوونی چەکدارانی بۆکۆ حەرامی توندڕەو لە باکور نەیجیریا، گروپی چەتەش هەن کەسانی دەوڵەمەند و بیانی بۆ پارە دەفڕێنن.

XS
SM
MD
LG