Accessibility links

عەدنان کۆچەر: ئەگەر گریمان میحوەرەکانی یەکێتی خیانەتی تیادا کرابێت بۆ میحوەرەکانی پارتی رایانکرد


هەر دوابەدوای رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر هەردوو هێزی دەسەڵاتدار یەکێتی نیشتیمانی و پارتی دیموکرات لە هەرێمی کوردستان یەکتری تاوانبار دەکەن بە خیانەت و نیشتیمانفرۆشی و رێکەوتنی ژێربەژێر لەگەڵ کاربەدەستانی لەشکری عێراق و حەشدی شەعبی. بەڵام هاوکات بە نیازن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراقدا کە دەنگۆی ئەوە هەیە بە یەک لیستی پێکەوەیی دابەزن. ئایا ئەوانە کێن کە توومەتبارن بە خیانەتی نیشتیمانی گەورە؟ ئایا تومەتبەخشینەوەی خیانەتکاری و نیشتمان فرۆشی بەسە بۆئەوەی خۆت بکەی بە فریشتە و ئەوانی دیکە بە ئەهریمەن؟ ئایا لێدوانەکانی سەرۆکی پاراستن و ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسرور بارزانی و لێدوانەکانی بەرپرسی هێزەکانی دژە تیرۆر لاهور شێخ جەنگی چەند راستن؟ ئایا لێدوانەکانی توهمەتبارکردنی یەکتری بە خۆفرۆشی و خیانەتی گەورە توانای وونکردنی حەقیقەتی رووداوەکانی هەیە یان نا؟ ئایا لێدوانەکانی مەلا بەختیار چەند پەیوەندی بە رای فەرمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە هەیە؟

سەبارەت بەو پرس و باسە گرنگانە ئاسۆ جەبار وتووێژێکی تایبەتی لەگەڵ خوێندکاری دکتۆرا لەبواری هەواڵگیریی و ئاسایشدا و راوێژکار لەو بوارەدا عەدنان کۆچەردا سازکردووە....

عەدنان کۆچەر دەڵێت "ئەوان دەڵێن پاڤێڵ تاڵەبانی خیانەتی کردووە؛ لەسەر چ بنەمایەک! پێگەی پاڤێڵ تاڵەبانی لەناو یەکێتیدا چییە، پێگەی سەربازی و کۆمەڵایەتی و سیاسی نیە."

دەشڵێت "ئەمانە سیاسەتی درۆبکە، درۆبکە تا باوەڕت پێدەکەن دەبەن بەڕێوە."

هاوکات ئەو پێیوایە "نەجمەدین کەریم تاوانباری سەرەکییە، دەبێت دادگایی بکرێت. نەک لێرە لە ئەمریکاش دەبێت خەڵکی کوردستان شکاتی لێبکەن، نەجمەدین کەریم یەکێک بوولە گەندەڵە گەورەکان، یەکێک بوو نەک هەر پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کەرکوکی تێکداوە، شەڕی براکوژی عەرەب و کورد و تورکمانی دروستکردووە."

سەبارەت بە لاهور شێخ جەنگی و هێزی دژەتیرۆریش دەڵێت "من نازانم دژە تیرۆر چ پەیوەندییەکی بە کەرکوکەوە هەیە."

دەشڵێت "کەرکوک پێکهاتبوو لە چوار میحوەر؛ دوو میحوەری یەکێتی بوو، دوو میحوەریش پارتی بوو."

هاوکات "ئەگەر گریمان میحوەرەکانی یەکێتی خیانەتی تیادا کرابێت، بۆ میحوەرەکانی پارتی رایانکرد."

سەبارەت بە پشتیوانی لەکاتی ریفراندۆمەکەدا عەدنان کۆچەر دەڵێت "دەوڵەتێک لەدەوڵەتەکانی ناوچەکە بەڵێنی پێدابوون کە بە فرۆکە F35 لە سوپای عێراق بدەن، بەڵام ئەم دەوڵەتە پەشیمان بۆووە....."

سەبارەت بە لێدوانەکانی مەلا بەختیاریش دەڵێت "نە مەلا بەختیار دە مەلا بەختیاریش ناتوانن ئەم پڕۆسە دیموکراسییە لە کوردستان رابگرن."

دەشڵێت "ئەوانەی بە ناوی مەکتەبی سیاسی کوردستانەوە قسەدەکەن ئێکسپایەر بوونە و چۆن شەرم لەخۆیان ناکەن."

سەبارەت بە لیستە هاوبەشەکەش دەڵێت "ئەگەر یەکێتی و پارتی بە لیستی هاوبەش دابەزن، ئەمە کارەساتە یەکێتی بەسەر خۆیدا دەیهێنێت."

دەشڵێت "پارتی هەوڵی داوە یەکێتی و مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیەکەیان بکرێت."

XS
SM
MD
LG