Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: ئێران ئەمریکا کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی


ئەنجومەنی نوێنەران لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە تێکڕای دەنگ بڕیارێکی پەسەند کردووە بۆ پشتیوانکردنی ئازادی ڕادەربڕینی گەلی ئێران و هەروەهاش ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر ئەوسەرکوتکردنانەی لەم ماوەیەی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر خۆپیشاندەرانی ئێران کردوویانە.

ئێد ڕۆیس، سەرۆکی کۆمیتەی کاروباری بیانی لە ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت " بە پەسەندکردنی ئەم بڕیارە ئەوە نیشان دەدەین کە ئەمریکا پشتیوانی لە گەلی ئێران دەکات."

پێشتریش کۆشکی سپی ئەو ڕاپۆرتانەی لەسەر کوژران و دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدان و کوشتنی گیراوەکان لە ناو گرتووخانەکاندا بە مایەی نیگەرانییەکی قوڵ ناودێری کردن.

لە ڕاگەیاندنێکی تایبەتدا لەسەر خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی گەلانی ئێران کۆشکی سپی داوای ئازادکردنی تەواوی زیندانیانی سیاسی کردووە لە ئێراندا.
کۆشکی سپی دەڵێت " ئێمە بێدەنگ نابین لە کاتێکدا دیکتاتۆریی لە ئێران بنچینەیی ترین مافی وڵاتیانی ئێرانی سەرکوت دەکات و ڕێبەرانی ئێرانیش بەرپرسیار دەکەین لەسەر هەر پێشێلکارییەک."

هەر لەو ڕاگەیاندنەی کۆشکی سپیدا هاتووە گەلی ئێران بێزاری و ناڕەزایی ڕەوای خۆیان هەیە بەرامبەر بە سەرکوتکردن و گەندەڵی و بە فیڕۆدانی سامانی وڵاتەکە و هەروەهاش سەرکێشییە لەشکرییەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران.

میوانی بەرنامە:
قادر وریا، ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستان.

کۆشکی سپی دەڵێت "ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ خۆی هەمیشە وەها باسی دەکات کە پشتیوانی لە دیموکراسی دەکات بەڵام کاتێک گەلی ئێران خواستی خۆی دەردەبڕێت، دەسەڵاتدارانی ئێرانی سروشتە دڕندانەکەی خۆیان نومایشت دەکەنەوە."

ڕۆژی 28 ی مانگی دوازدە خەڵک لە ئێران ڕژانە سەر شەقامەکان دژی باری خراپی ئابوری، دەستێوەردانە لەشکرییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا و هەروەهاش گەندەڵی.

هاوکاتی ئەم خۆپیشاندانانەش کە بە گەورەترین شەپۆلی ناڕەزایی دادەنرێت لەوەتای ساڵی 2009 وە، کەم نەبوون ئەو خۆپیشاندەرانەی داوای ڕوخاندنی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان دەکرد کە لە ساڵی 1979 وە لە دەسەڵاتدایە.

لە هەندێک لە خۆپیشاندانەکاندا توندوتیژی ڕوویانداوە و هێزە ئاسایشییەکانی ئێران بەلانیکەم 21 خۆپیشاندەریان کوشتووە.

ڕاپۆرتە هەواڵییەکان باس لە دەستگیرکردنی هەزاران خۆپیشاندەر دەکەن.

ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لۆمەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات بەوەی وەک دەڵێت هانی خۆپیشاندانەکانی ئێرانی داوە و ناڕەزاییەکی توندیشی دەربڕیوە بەرامبەر ئەو پۆستانەی سەرۆک دانۆڵد ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر دەیانکات سەبارەت بە ڕەوشی ئێران.

ئایەتوڵا عەلی خامەنەئی ژمارەیەک تویتی کردووە و ڕەخنە لە سەرۆک ترامپ دەگرێت چونکە باسی لە نیگەرانییەکانی خۆی کردووە لەسەر خۆپیشاندانەکان و سەرکوتکردنی گەلانی ئێران.

لەناو کۆمەڵگەی نێونەتەوەیشدا دابەشبوون بەرامبەر دۆسێی ئێران هەن و هەندێک لە وڵاتان رووداوەکانی ئەم دواییەی ئێران بە کاروباری ناوخۆیی ناودێر دەکەن.

غوڵام عەلی خوسرەوی، باڵیۆزی ئێران بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئەنجومەنی ئاسایشی یو ئێنی وتووە، تاران بەڵگەی کۆنکریتی و متمانە پێکراوی لەبەردەستدایە کە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێران بە روونی و ئاشکرایی لە دەرەوەی وڵاتەکەوە ئاڕاستەکراون.

باڵیۆزی فەڕەنسا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ئەو شەپۆلی ناڕەزاییەی لە ئێراندا هەیە مایەی هەڕەشە و مەترسی نییە بۆسەر ئاشتی و ئاسایشی جیهان. ئەم لێدوانەش وەک ڕەخنەیەک لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لێکدەدرێتەوە.

باڵیۆزی روسیا بۆ یو ئێن دەڵێت وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشێلی بەرنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی کردووە و ئەو کۆبوونەوەیەش کە داواکراوە لە ئەنجومەنەکەدا هەوڵێکە بۆ بەکارهێنانی ڕەوشی ئێستای ئێران بە مەبەستی بنکۆڵکردنی ڕێککەوتنی ناوکی ئێرانە.

نوێنەری وڵاتی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت باسکردنی ڕەوشی ناوخۆیی ئێران، یارمەتیدەرنابێت بۆ چارەسەرکردنی دۆسێ ناوخۆییەکانی ئێران.

ئایا بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ پشتیوانی لە مافەکانی گەلانی ئێران چەندێک کاریگەری دەبێت بەسەر ڕەوشی ناوخۆی ئێرانەوە؟
بۆچی لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەییدا بە گشتی و جیهانی ڕۆژئاوادا بە تایبەتی دابەشبوون هەیە لەسەر دۆسێی ئێران؟
ئایا داواکانی گەلانی ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە دەستێوەردانەکانی تاران لە کاروباری ناوچەکەدا ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ناچاردەکات بە کشانەوە لە سیاسەتەکانی؟

قادر وریا، ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:32:17 0:00

XS
SM
MD
LG