Accessibility links

ئەحمەد ئەسکەندەری: خۆپیشاندانەکانی ئێران کەلێنیشی خستۆتە ناو کۆنەپارێزانی ئێرانەوە


ئه‌حمه‌د ئه‌سکه‌نده‌ری

بەپێی ڕای زۆرێک لە چاودێر، خۆپیشاندانەکانی لە ئێران دژی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی دەکرێن ئەگەر بەرەنجامێکی خوازراویشی نەبێت بۆ گەلانی ئێران بەڵام هەر بە خاڵێکی گرنگی وەرچەرخان لەو وڵاتەدا دادەنرێن.

ئەحمەد ئەسکەندەری، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی هاوڕایە و دەڵێت خۆپیشاندانەکان بومەلەرزەیەکی گەورە بوون لە ماوەی نزیکەی 40 ساڵی ڕابردووی کۆماری ئیسلامیدا و دەشڵێت لەو خۆپیشاندانانەدا دەیان شت هەبوون کە بۆ یەکەمین جارە لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا ڕوویاندابێت، لەوانە؛

*یەکەم جارە کە هیچ ڕەنگی ئاینی بە دروشمەکانەوە دیار نییە.

*یەکەم جارە بەرەی ڕیفۆرمخواز لایەک نییە و بەرەکەی تریش لایەکی تر.

*یەکەم جارە کە چینی هەژار و گەنجانی بێکار و داهاتوو نادیار و ژنانی بندەست و بێ ماف هاتوونەتە مەیدان.

*یەکەم جارە کە ڕاستەوخۆ سەرۆکی باڵا و سوپای پاسدارانی کردۆتە ئامانجی دروشمەکان.

*یەکەم جارە شوێنی ئاینی وەک حەوزەی عیلمیە لە یەک دوو شار سوتێندراون.

ئەحمەد ئەسکەندەری ئاماژەش بەوە دەکات کە لەوانەیە لە ئێستادا خودی خۆپیشاندانەکان بەو ئاستەی پێشتری نەمابنەوە و دەڵێت پێشبینی کردنیشی قورسە ئایا بەرەو کوێ دەڕوات و دەشڵێت گرنگی کاریگەرییەکانی ئەو خۆپیشاندانانە لەوەدا دەبوو ئەگەر بە شێوەیەکی گەورەتر شاری تارانی بگرتبایەتەوە، بەلام ناکرێت بگوترێت تەواو دەبن چونکە وەک دەڵێت هێشتا زەمینە و ئەو هۆکارانەی بوونەتە مایەی خۆپیشاندانەکان هێشتا هەر ماون وەک گەندەڵی و هەژاری، ئەمە بێ لەوەی کەلێنێکی خستۆتە ناو دەسەڵاتدارانی سیاسیەوە لە ئێراندا.

سەبارەت بەو هەواڵەی باس لە دەستگیرکردنی مەحمودی ئەحمەد نەژاد، سەرۆکی پێشووی ئێران دەکات بە بڕیاری وەک دەگوترێت ئایەتوڵا عەلی خامەنەئی ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی، ئەحمەد ئەسکەندەری دەڵێت پێی وەهانییە ئەو هەواڵە دروست بێت و دەڵێت لە چەند لێدوانێکدا ئەحمەدی نەژاد گوتوویەتی لەوە ناترسێت دەستگیری بکەن و وەک ئەحمەد ئەسکەندەری باسی دەکات دەنگۆش هەیە کە ئەحمەدی نەژاد سندوقە ڕەشێکی لەلایە و دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی کە وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران لەژێر دەستی خۆیدا بوو و زانیاری زۆری تیادا کۆکردۆتەوە لەسەر دەسەڵاتدارانی ئێران و هەڵیگرتوون بۆ ڕۆژی خۆی، هەر بۆیە ئاوەها دەوێرێت ڕوو بە دەرەوە قسە بکات.

بەڵێن ساڵح وتووێژی لەگەڵ حەحمەد ئەسکەندەری کردووە.

زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە:

XS
SM
MD
LG