Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: میدیا بێگەرد


میدیا بێگەرد
میدیا بێگەرد

هیچ کاتێک ناکرێت باس لە ژانرێکی فەرهەنگی بکرێت بەبێ ئەوەی ناوی ژمارەیەک لەو کەسانە نەهێنیت کە ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لە بەرەوپێشچوونەکاندا.

بەرەوپێشچوون بە مانای داهێنان و بونیاتنانی بنەمایەکی تۆکمە بۆ ئەو ژانرە، شانۆ بە نمونە.

بە ڕای زۆرێک لە هونەرمەندانی شانۆیی خۆیان، ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بە سەروەختێکی زێڕینی شانۆی کوردی دادەنرێت، نەک هەر تەنها لەبەر ئەوەی داهێنانی هونەری هەبوو، بەڵکو بەشێکی سەرەکی پەیوەندی بە ڕۆشنبیریی شانۆییەوە هەبووە و هەوڵدان بۆ تێگەیشتنێکی ورد لە شانۆی ناوچەکە و هەروەها جیهانیش.

لەو کاتەدا لە پاش زۆرێک لە نومایشتەکان بەشداربووانی نومایشتەکان خۆیان لەناو خۆیاندا هەڵسەنگاندنیان بۆ کارە هونەریەکەیان دەکرد و ئاڵوگۆڕیکی بابەتیانەی دید و بۆچوونەکان دەکران.

هونەرمەندانی شانۆ لەو کاتەدا پێویستیان بە خۆڕۆشنبیرکردن بوو تا لە هونەرمەندانی تر دوا نەکەون و ئەڵبەتە بەبێ جیاوازی لە نێوان هونەرمەندانی پیاو و ژندا.

کاتێک باسی شانۆی ئەو سەروەختە دەکەین نابێت باس لە هونەرمەندانی وەک ئەحمەد سالار و کامەران ڕەئوف و فرمێسک موستەفا و خەرمان هیرانی و نیگار حەسیب و شەماڵ عومەر و ئاسۆ عومەر سوارە و میدیا بێگەرد و جەلیل زەنگەنە و عەلی کەریم و چەندانی تریش نەکرێن و هەروەهاش ڕەوانشادانی وەک سمکۆ عەزیز و کەریم عوسمان و جیهاد دڵپاک و عوسمان چێوار و ئیبراهیم چێوار.

میدیا بێگەرد، یەکیکە لەو ناوە درەوشاوانەی شانۆی کوردی کە بینەری خۆی دەخاتە بەردەم سەرسامییەکی گەورەوە و باشترین بەڵگەش نومایشتی "لە چاوەڕوانی سیامەندا" یە.

میدیا بێگەرد، وەک هونەرمەندێک دیاربوو باش لەو ڕاستیە گەیشتبوو، کە ناکرێت و ناشبێت لە جیهانە بەرینەکەی ئافراندندا کار بکەیت ئەگەر لە ڕۆشنبیریدا قاڵ نەبیتەوە، چونکە دەیزانی بێ لە بەهرەی گەورە پێویست بەو ڕۆشنبیریەش هەیە تا بتوانێت پەیامە ڕاستەقینەکەی خۆی بگەیەنێت و بشزانێت چۆن پردی متمانە لەگەڵ بینەراندا دروست بکات بە شیوەیەک بینەر بە خۆی بزانێت یان نەزانێت دەبێتە بەشێک لە نومایشتەکە.

یەکێک لە پرسیارە سەرەکییەکان ئەوەیە ئایا کامە نومایشتی شانۆیی بە زیندوویی دەمێنێتەوە، ئایا ئەوەیە کە جەماوەری خۆی دەوروژێنێت و خرۆشدانێکی پێدەبەخشێت؟ یان ئەو نومایشتەیە کە پرسیار لای بینەری دروست دەکات و بینەری ڕژد ناچار دەکات بە گەڕان بەشوێن وەڵامدا؟!

کاتێک میدیا بێگەرد دەچووە سەر شانۆ، دەیزانی بۆ دەچێت و دەیزانی چی دەبێژێت و پێشوەختیش ڕۆ دەچووە ناو دەقی ئەو نومایشتەوە، هەر بۆیە کاتێک لەسەر شانۆ دەردەکەوت هەست دەکرا کە بە زمانێکی سادە و بێ گرێ لەگەڵ بینەری خۆیدا دەدوێت و تەختی شانۆی دەبوژاندەوە.

میدیا بێگەرد، یەکێکە لەو هونەرمەندانەی ڕێگرێکی گەورە بوو لەبەردەم هەرەس هێنانی هەوڵەکان بۆ هێنانە ئارای شانۆیەکی ڕەسەنی هاوچەرخانە، کارە هونەرییەکانی و هەوڵە هونەرییەکانیشی گەواهی ئەو ڕاستیە دەدەن کە میدیا بەردەوام ویستویەتی پێگەیەکی شیاوی لە هونەری باڵادا هەبێت و ئەڵبەتەش پارێزگاری کردن لەو پێگەیە سەد هێندەی گەیشتن پێی سەخت تر و قورسترە و میدیا سەلماندی دەتوانێت بە شکۆمەندییەوە پارێزگاری لەو پێگە هونەریەی خۆی بکات، جا لە هەر شوێنێکی ئەم دنیایەدا بێت.

ئایا بۆ شانۆ لە کۆمەڵگەی کوردیدا کامیان گرنگترن لە ئێستادا، ڕەسەنایەتی یان هاوچەرخی بوون؟

ئایا دەکرێت بگوترێت کۆمەڵگەی کوردی خاوەنی شانۆیەکە تایبەتمەندێتی کوردانەی هەیە؟

ئایا سیاسەت بردنە ناو شانۆوە چەندێک زیانی لە بەها هونەرییەکەی شانۆ داوە؟ ئایا دەکرێت شانۆ و سیاسەت لە یەک بۆتەدا کۆبکرینەوە؟

لە ئێستادا زۆرێک باس لە زیز بوونی بینەر و شانۆ دەکرێت، چۆن یان بە چ جۆرە پڕۆژەیەک دەتوانرێت بینەر و شانۆ ئاشت بکرێنەوە؟

ئایا دەرهێنەری کورد دەتوانێت ئەکتەری گەورە دروست بکات؟

ئایا شکاندنی فۆرمە کۆنەکان لە شانۆدا بە مانای هێنانە ئارای فۆرمی نوێیە؟

میدیا بێگەرد، هونەرمەندی شانۆیی لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:33 0:00

تێبینییەکی پێویست:
هێشتا پرسیاری تری زۆرمان ماوە لەگەڵ هونەرمەند میدیا بێگەرددا باسی بکەین و هەروەهاش ژمارەیەکی بەرچاوی سەرنجی گوێگرانی ئازیزیش ماون، هەر بۆیە بە سوپاسەوە میدیا خانم داوای بەرنامەکەی پەسەند کرد و ئامادەیی خۆی دەربڕی تا لە مانگی دووی داهاتوودا جارێکی تر ببێتەوە بە میوانی بەرنامەی ژیان لە فەرهەنگدا.

XS
SM
MD
LG