Accessibility links

کۆمکاری عەرەب هەوڵدەدات نەتەوە یەکگرتووەکان دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێت


وەزیری دەرەوەی ئوردن ئەیمەن سەفادی دەڵێت، بەم نزیکانە وڵاتانی عەرەب هەوڵێکی دیپلۆماسی دەستپێدەکەن بۆ فشار خستنە سەر نەتەوە یەکگرتووەکان تا دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێت و ڕۆژهەڵاتی ئەوشەلیمیش پایتەختەکەی بێت لەو ناوچەیەی کە ئیسرائیل لە شەڕی ساڵی 1967دا داگیری کرد.

ڕۆژی شەممە وەزیرانی دەرەوەی شەش وڵاتی عەرەبی لە عەمان کۆبونەوە بۆ پێداچوونەوە بەسەر بڕیارێکی پێشتری کۆمکاری عەرەب بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ کە لە مانگی 12 دای بۆ دانپیانانی ئورشەلیم وەکو پایتەختی ئیسرائیل، ئەم بڕیارەش ڕێبازی دەیان ساڵەی ئەمەریکای لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گۆڕی.

ئەم کۆمیتەیەی کە لە میسر، مەغرب، عەرەبستانی سعودیە، میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب و فەلەستینیەکان پێکهاتووە و لەلایەن ئوردنەوە ڕێبەرایەتی دەکرێت، پاش کۆبونەوەیەکی بەپەلەی کۆمکاری عەرەب لەسەر بڕیارەکەی ترامپ لە قاهیرە پێکهات.

لەو کاتەدا کۆمکاری عەرەب ڕایگەیاند کە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی توندوتیژی لەسەرانسەری ناوچەکەو بڕیارەکەی سەۆرک ترامپی بە سەرپێچیکردنێکی مەترسیداری یاسای نێونەتەوەیی لەقەڵەم دا، کە هیچ کاریگەرییەکی یاسایشی نەبوو.

سکرتێری گشتی کۆمکاری عەرەب ئەحمەد ئەبو غەیت گوتی لە کۆبونەوەی وەزیرانی کۆمکاری عەرەبدا باس لە ڕۆڵی واشنتۆنیش دەکرێت لە دانوستاندنەکانی داهاتوی نیوان عەرب و ئیسرائیل بۆ ئاشتی.

XS
SM
MD
LG