وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەڵێن دەدات پشتیوانی لە خۆپیشاندەرانی ئێران بکات و حکومەتی ئێران شەرمەزار دەکات بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران کە کوشتنی 21 کەسی لێ کەوتۆتەوەو زیاتر لە هەزار کەسیش دەستگیر کراون.
کاربەدەستێکی کۆشکی سپی ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەدوای ئەو زانیاریانەدا دەگەڕێت کە بتوانێت کاری لەسەر بکات، و هەوڵ دەدات سزای نوێ بسەپێنێت بەسەر ئەو کەسانەی کە بەرپرسیارن لە کپکردنی ئەو خۆپیشاندانانەی کە هەفتەی ڕابوردوو دەستیانپێکرد.
وەزارەتی دەرەوەش دەڵێت هەروا بێدەنگ نابێت. لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " ئێمە چەندین دەسەڵاتمان هەیە تا ئەوانەی توندوتیژی دژ بە خۆپیشاندەران ئەنجام دەدەن و لە گەلی ئێران دزی دەکەن بەرپرسیار بکەین. بۆ قوربانیانی دەستی ڕژێمیش ئێمە پێتان دەڵێین ئێوە لەبیرناچنەوە."
لە ڕۆژی پێنجشەممە ئەمەریکا سزای خستە سەر پێنج کۆمپانیای ئێران کە پەیوەندییان بە بەرنامەی موشەکی بالاستیکی ئێرانەوە هەیە.
وەزیری خەزێنە ستیڤن منوچن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " ئەم سزایانە ئەو کۆمپانیا سەرەکیانە دەکاتە ئامانج کە دەستیان هەیە لە بەرنامەی موشەکی بالاستیکی ئێران، کە ڕژێمی ئێران لە باری ئابوری خەڵکەکەی زیاتر بایەخی پێدەدات."
هاوکات باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان نیکی هەیلی لە ڕۆژی هەینی داوای کۆبونەوەیەکی بە پەلەی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە بۆ تاوتوێ کردنی ڕەوشی ئێران.
بەڵام ڕوسیاو و چەند ئەندامێکی تری ئەنجومەنی ئاسایش ڕەخنە لە داواکەی ئەمەریکا دەگرن و دەڵێن خۆپیشاندانەکانی ئێران مەسەلەیەکی ناوخۆییە نەک هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی نێونەتەوەیی.
هەرچەندە هەیلی لە بەیاننامەیەکی شەوی پێنجشەممە ڕایگەیاند " جیهان مەترسییەکانی سوریای بە چاوی خۆی بینی کە بەهۆی نکوڵی کردنی ڕژێمە خوێنڕێژەکەوە لە مافی خۆپیشاندەرانەوە دەستیپێکرد. نابێت ڕێگەبدەین ئەمە لە ئێران ڕووبدات."