Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: شلێر باپیری


لە هەموو قۆناغەکانی گەشەکردنی ژیانی کۆمەڵگەدا پرسیارێکی ڕژد هەیە سەبارەت بە ڕۆڵی ژن لەو قۆناغەدا و کاریگەرییەکانیشی لەسەر هەنگاوەکانی بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە.

لە سەدەی نۆزدەهەمدا گۆڕانکاری گەورە لە زۆر بواری جیا جیادا هاتنە ئاراوە و ئەمانەش هەر یەکە و بە ئەندازەی خۆی کاریگەری هەبووە بەسەر کۆمەڵگەدا، لە ڕوانگەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە و هەروەهاش گەشەکردنی تێزە کۆمەڵایەتییەکان بۆ پێکەوە بەستنی تاکەکانی کۆمەڵگە.

ئەڵبەتە هەموو ئەمانەش بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارە دێرینەکانی مرۆڤ هاتبوونە ئاراوە بەڵام بەکارهێنانە خراپەکان دەشێت یەکێک بووبێت لەو هۆکارانەی دواتر ئامانج و پەیامەکان بە لاڕێدا ببرێن.

مەعریفەکان هەر یەکە بە شێوەیەک وەڵامی خۆی دەخاتە بەردەم پرسی مرۆڤبوونەوە لە چوارچێوەی دەستەواژەی دادوەری کۆمەڵایەتیدا، دادوەرییەک هەموو مرۆڤەکان وەک یەک ببینێت و هەمان بەهایان هەبێت و دانپێدانانێکی ڕاستەقینە هەبێت بە ماف و ئەرکی مرۆڤدا، جا لە هەر کۆمەڵگەیەکدا بێت.

میوانی بەرنامە:

شلێر باپیری،ڕۆژنامەوان و چالاکوانی مافەکانی ژنان.

ئەگەر وایە، بۆچی لە زۆرێک لە کۆمەڵگەکاندا و بەتایبەتیش کۆمەڵگەی کوردیدا هێشتاش تەواوی شتەکان ڕەهەندی پیاوسالاری وەردەگرن و هەر لەو ڕەهەندەشەوە پێوانەکان دادەنرێن بۆ بەرز ڕاگرتنی مرۆڤ؟! ئەمەش لە کاتێکدایە بەها پڕ ماناکان و لێوان لێو لە جوانییەکان دەبنە کرۆکی هەر یەکێک لەو مەعریفانە.

لەگەڵ ئەوەشدا کە لە کۆمەڵگەی کوردیدا ژن بەشدارییەکی زۆری هەیە بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێت گلە و گازەندە هەن لەسەر پێگەی ژن.

بە نمونە ژنان ئامادەییەکی تۆکمەیان هەیە لە بواری فەرهەنگیدا بە هەموو ژانرەکانیەوە، وەلێ لێرەشدا کە ئەم دۆسێیە ڕوناکبیران و منەوەرانی کۆمەڵگەکەمان لێی بەرپرسن، هێشتا بە گومانەوە لە کەموکوڕییەکانی دەڕوانرێت و کەمتەرخەمییەکانیش تیایدا جێی نیگەرانین.

دەشێت ئەو کەمتەرخەمیانە لە هەردوو ڕەگەزەوە بن بەڵام کاتێک هەڵسەنگاندنێکی بابەتیانەی بۆ دەکرێت دەستبەجێ ئەو بەرەنجامە دەکەوێتە بەردەست کە ناشێت کەمتەرخەمییەکانی ڕەگەزی زاڵ بە هەمان ئەندازەی ڕەگەزی بەرامبەر سەیر بکرێن.

دەشێت زۆربەمان ستایشی ژنە نوسەرێک یان هونەرمەندێک یان ڕۆژنامەوانێک بکەین بەڵام هەتا ئێستا (هەر هیچ نەبێت خۆم) وەڵامی ئەو پرسیارەم دەستنەکەوتووە ئایا پێگەی ژنانی ئەم کۆمەڵگەیەم لەم جیهانە بەرینەی ئافراندندا لە کوێدایە؟!

لەبری وەڵامی ئەو پرسیارە بابەتگەلێکی پڕ سەیر و سەمەرە خۆیان کێشاوە بە ماڵی بیناییمدا وەک ئەوەی ژنان کەمترین ڕۆڵیان لە ڕۆژنامەگەریدا هەیە، هونەرمەندێکی ژن لە شانۆدا داهێنانێکی گەورە و ناوازە دەکات بەڵام کەمترین لێکۆڵینەوەی لەسەر دەنوسرێت، شاعیرێکی ژن لە دەقێکدا داکۆکی لە مێژووی ژنبوونی خۆی دەکات بەڵام پێی دەگوترێت شیعرێکی ژنانەی نوسیوە، ژنێکی نوسەر دەخوازێت باس لە تابووەکان بکات بەڵام بەگژیدا دەچنەوە، بوێری ژنێکی شێوەکار دەیبات بۆ کێشانی تابلۆی جەستەیەکی زامدار بەڵام دەکەوێتە بەر مۆڕەی ئەوانەی لە جوانییەکانی ڕەنگ تێناگەن، چیرۆکنوسێکی ژن ئەگەر سەرگورشتەی پەیوەندی نهێنی دەریا و مانگ بکاتە دڵی چیرۆکەکەی پێی دەگوترێت ئەم هەموو گیانبازیە لە پای چی؟! نمونەی تریش زۆرن.

لە ڕوانگەی هەموو ئەمانەی سەرەوە ئێستا جێی خۆیەتی بپرسین؛

ئایا لە کۆمەڵگەی ئێمەدا چ هەڵسەنگاندنێک بۆ ژن بە گشتی و ئەو ژنەش دەکرێت کە بەشدارە لە فەرهەنگی کۆمەڵگەدا؟

ئایا ڕێگرییەکانی لە ژن دەکرێن لە بواری فەرهەنگیدا دەچێتە خانەی پێشێلکردنی مافەکانی ژنانەوە و تێگەیشتن لە ئازادییەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە؟

ئایا هەر پێویستە ژنان خۆیان لەسەر پێگەی خۆیان لە فەرهەنگدا بێنە دەنگ؟

ئایا ڕەوایە ئەدەبێک یان هونەرێک یان هەر ژانرێکی تری فەرهەنگی لەسەر بنچینەی ڕەگەز جیا بکرێنەوە؟

ئایا میدیا چەندێک بە گرنگییەوە دەڕوانێتە پێگەی ژنان لە بواری فەرهەنگیدا؟

ئایا پێگەی ژنی کورد لە بواری فەرهەنگیدا لە بەشەکانی کوردستاندا جیاوازە یان هاوشێوەیە؟

ئایا لە بواری فەرهەنگی کوردیدا ژن توانیویەتی زەمینە بۆ گۆڕانکاری بێنیتە ئاراوە دژ بە بارە باوەکان؟

شلیر باپیری، نوسەر لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:26:59 0:00

XS
SM
MD
LG