Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و تۆماری دەنگدەران


لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا سەرۆکی کابینەی 8 ی حکومەتی هەرێمی کوردستان نامەیەک ئاڕاستەی پەرلەمانی هەرێم دەکات و تیایدا داوا دەکات لە ماوەی سێ مانگی داهاتوودا ڕۆژێک دیار بکرێت بۆ هەڵبژاردنەکان.

ئەم داوایەی نێچیرڤان بارزانی دووابەدوای ڕاگەیاندنەکەی سەرەتای مانگی دەی ڕابردووی حکومەتی هەرێم بوو بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم کە بڕیار بوو ڕۆژی یەکی مانگی یازدەی ڕابردوو بکرێن.

ئەو دواخستنەی یەکەم جار وەک شیکەرەوە ئاماژەیان پێدەکرد بەهۆی ڕووداوەکانی پاش ڕیفراندۆمەکەی ڕۆژی 25 ی مانگی نۆوە بووە.

لەم یەک دوو هەفتەیەی ڕابردوودا جارێکی تریش خۆپیشاندانی ناڕەزایی دەربڕین لە دەیان شار و شارۆچکەی هەرێمدا دەستیان پێکردەوە دژی نەدانی موچە و هەروەهاش نەبوونی خزمەتگوزارییەکان.

شیروان زرار
شیروان زرار

خۆپیشاندەران داوا دەکەن هەرچی زیاترە خەڵک بڕژێنە سەر شەقامەکان وەک هەنگاوێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی وەک دەڵێن دەسەڵات لێسەندنەوە لە گەندەڵکاران.

ڕەوشی سیاسی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان ناجێگیرە، هەر بۆیەشە یەکێک لە پرسیارە هەرە سەرەکییەکان ئەوەیە ئایا لە ئاوەها ڕەوشێکدا هەڵبژاردن دەکرێت؟

لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی هەرێمی کوردستانی عێراقدا وەک زۆرێک لە چاودێران و ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان و خۆجێیەکانیش ئاماژەیان پێکردووە، بەدەر نەبوون لە فێڵ و تەڵەکە کردن بۆ گۆڕینی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن.

میوانەکانی بەرنامە:
شیروان زرار، دەمڕاستی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق.

هۆگر چەتۆ، سەرۆکی تۆڕی شەمس بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردن.

زۆرێک لە چاودێرانی ناوخۆیی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان جەختیان لە تۆماری ناوی دەنگدەران کردۆتەوە و بە یەکێک لە هۆکارەکانی فێڵکردن لە هەڵبژاردندا ناودێریان کردووە.

کەس نکوڵی ناکات لەوەی هەڵبژاردن گرنگ نییە و کاریگەری ئەرێنی نابێت بەسەر ڕەوشەکانەوە ئەگەر بێتوو هەڵبژارن ڕەوا و ئازاد نەبێت، نەک هەڵبژاردنێک مافی دەنگدەری تیادا فەرامۆش بکرێت هەڵبژاردنێک بێت هەر تەنها لە پێناوی هەڵبژاردندا بێت و هیچی تر.

هۆگر چه‌تۆ
هۆگر چه‌تۆ

کردنی هەڵبژاردن (ئازاد و ڕەوا)لە وادەی خۆیدا کۆڵەکەیەکی سەرەکی و تۆکمەی دیموکراسییە لە کۆمەڵگەکاندا و نیشانەیەکیشە کە پەیوەندی هەیە بە دادوەری کۆمەڵایەتی لەناو سیستەمە سیاسییەکاندا.

بەپێی زانیاریەکان کە لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەوە بڵاوکراونەتەوە گومان لە زیاتر لە 550 هەزار ناوی دەنگدەر هەیە و پێویست بە وردبینی و پاککردنەوە دەکات.

بێ لەو تۆمارە کێشەیەکی تریش هەیە کە بە نیگەرانییەوە لێی دەڕوانرێت ئەویش دۆسێی مافی بەشداریکردنە لە هەڵبژاردندا و ئایا کێ مافی دەنگدانی هەیە و چۆنیش دەتوانرێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت.

هەبوونی ئەم جۆرە گرفتانە لەبەردەم هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستاندا وەهایان کردووە بگوترێت پێویستە زەمینە سازییەکی گونجاو بکرێت بۆ ئەم هەڵبژاردنانە

ئایا چۆن دەتوانرێت هەڵبژاردنێکی ڕەوا و ئازاد بکرێت لە هەرێمی کوردستاندا؟

ئایا کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە هەرێم لە ئێستاوە تا کاتی هەڵبژاردن دەتوانێت تۆماری دەنگدەران نوێ بکاتەوە؟

ئایا کۆمیسیۆن و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە هەڵبژاردن دەتوانن ڕێگە لە فێڵ و تەڵەکەکردن لە هەڵبژاردندا بگرن؟

کام میکانیزمە دەبێتە هۆکاری سەرەکی بۆ هەڵبژاردنێکی ڕەوا و ئازاد لە هەرێمی کوردستاندا؟

وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووادوەکاندایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:28:37 0:00

XS
SM
MD
LG