Accessibility links

حه‌شدى شه‌عبى: هێزه‌ سوننه‌ گومانلێكراوه‌كه‌ جم و جۆڵیان زۆره‌ بۆیه‌ لێمانداون 


دره‌نگانێكى ئێواره‌ى دوێنێ شه‌مه‌، هێزه‌ عێراقیه‌كان ناوچه‌ى په‌ڵكانه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى قه‌زاى خورماتوى پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دیان به‌چڕى بۆردومانكرد، كه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ له‌ژێر كۆنترۆڵى هێزه‌ سونیه‌ تازه‌ پێكهێنراوه‌كه‌دایه‌.

عه‌لى حسێنى وته‌بێژى میحوه‌رى باكورى عێراقى حه‌شدى شه‌عبى، هۆكارى بۆردومانكردنى ناوچه‌ى په‌ڵكانه‌ى گێرایه‌وه‌ بۆ هه‌وڵى هێزه‌ عێراقیه‌كان بۆ دوورخستنه‌وه‌ى مه‌ترسى ئه‌و هێزه‌ سونیه‌ى كه‌ تازه‌ پێكهێنراون و ئاڵاكه‌یان سپى یه‌، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاى راگه‌یاند"هێزه‌كه‌ له‌شاخى په‌ڵكانه‌ن، بۆردومانمان كردن و مه‌ترسیه‌كانمان له‌ خورماتو و داقوق و كه‌ركوك دوورخسته‌وه‌."

به‌پێى وته‌ى عه‌لى حسێنى، به‌فرۆكه‌ى سیخورى چاودێرى هێزه‌ سونیه‌كه‌یان كردووه‌ كه‌جم و جۆڵیان زۆر بووه‌، بۆیه‌ بۆردومانیان كردوون.

ده‌رباره‌ى ناسنامه‌ و ژماره‌ى هێزه‌ سونیه‌كه‌، عه‌لى حسێنى وتى"زانیارى هه‌واڵگیرى ژماره‌یان به‌ 500 چه‌كدار مه‌زه‌نده‌ ده‌كات، كه‌ ئه‌و چه‌كدارانه‌ تێكه‌ڵه‌ن له‌داعش و كۆنه‌ به‌عسیه‌كان و له‌ژێر ناوى سوپاى رزگاركردنى سونه‌دا كۆبونه‌ته‌وه‌."

لاى خۆشیه‌وه‌ محه‌مه‌د فایه‌ق به‌رپرسى راگه‌یاندنى قایمقامیه‌تى خورماتو، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاى راگه‌یاند"هێزه‌ عێراقیه‌كان له‌ ئامرلیه‌وه‌ ناوچه‌ى په‌ڵكانه‌یان به‌ساروخ بۆمباران كردووه‌، به‌ڵام نازانین هێزه‌ سونیه‌كه‌ زیانیان هه‌بووه‌ یان نه‌."

سوپاى رزگارى سونه‌، كه‌ هێزه‌كانیان له‌ په‌ڵكانه‌ و شاخى غه‌ره‌ كۆكردووه‌ته‌وه‌، دواى گرژى و ئاڵۆزیه‌كانى نێوان كورد و حه‌شدى شه‌عبى رۆیشتونه‌ته‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ ، تائێستا هیچ كام له‌هێزه‌ كوردى و هێزه‌ عێراقیه‌كان هێرشى زه‌مینیان نه‌كردۆته‌ سه‌ریان .

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:22 0:00

XS
SM
MD
LG