Accessibility links

دۆزینەوەی لاشەی کارمەندێکی باڵیۆزخانەی بەڕیتانیا بە خنکاوی لە نزیک بەیروت


Beirut, Lebanon City view March 19, 2016
Beirut, Lebanon City view March 19, 2016

سەرچاوەیەکی ئاسایشی لوبنانی وتی لاشەی کارمەندێکی باڵیۆزخانەی بەڕیتانیایان بە خنکاوی لە نزیک ڕێگەی سەرەکی دەرەوەی بەیروتی پایتەخت دۆزیوەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی بەڕیتانیاش بەیاننامەیەکی خێزانی ئەم ئافرەتەی بڵاوکردەوە کە ناوی ڕێبێکا دایکس بووە، بەڵام هیچ وردەکارییەکانی تری نەدا سەبارەت بە هۆکاری مردنەکەی.

خێزانەکەی دەڵێن " لەدەستدانی ڕێبێکای ئازیز ئێمەی ڕووخاند. هەموو هەوڵێكی خۆمان دەدەین بۆ ئەوەی بزانین چی ڕوویداوە."

باڵیۆزی بەڕیتانیا لە لوبنان دەڵێت " ئەم هەواڵە هەموو باڵیۆزخانەکەی تووشی شۆک و غەمباری کرد."

ڕۆژی شەممە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی لوبنان وتیان لاشەی ئافرەتێکیان دۆزیوەتەوە بە خنکاوی لە قەراغ ڕێگای خێرای دەرەوەی بەیروت. سەرچاوەیەکی ئاسایشی لوبنانیش ڕۆژی یەکشەممە وتی ئەم ئافرەتە ناوی ڕێبێکا دایکسە.

دایکس لە باڵیۆزخانەی بەڕیتانیا کاری کردووە و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی لینکد ئین نووسیویەتی بەڕێوبەری بەرنامە و سیاسەتی بەڕێوبەرایەتی گەشەپێدانی نێودەوڵەتییە و لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە ئەو پۆستەی وەرگرتووە.

هەر لە لاپەڕەکەی خۆیدا دەڵێت پێشتر لە لەندەن لە بەرنامە سیاسییەکانی پەیوەست بە لیبیا و عێراقدا کاری کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG