Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا : حەشدی شەعبی پاش داعش


سەرەک وەزیری عێراق ڕایدەگەیەنێت شەڕی دژی داعش کۆتاییپێهات و وەک دەڵێت هێزە ئاسایشییەکانی وڵاتەکەی سەرکەوتنی تەواوەتییان بەسەر تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامیدا تۆمارکرد.

ئەگەرچی گومان زۆرن لەسەر ئەگەر و نەگەری تەواو بوونی ئەو شەڕە وەک چاودێر دەڵێن هێشتا زووە بڕیار لەسەر ئەو تەواوبوونە بدرێت لەو ڕوانگەیەوەی هێشتاش لە عێراقدا ئەو زەمینانە ماون کە ڕێکخراوێکی دڕندەی وەک داعشی لەسەر دروست بووە، لەوانە قەیرانی سیاسی، ڕەوشی ئابووری، بێکاری، دەستێوەردانی دەرەکی، ڕێژەی بێکاری، کاریگەرییە ئاینییەکان، کەلێنی گەورەی نێوان شیعە و سوننە ئاینزاکان.

شەڕی داعش لە ساڵی 2014 دا دەستیپێکرد، لەشکری عێراق لەو کاتەدا شکست لە دوای شکستی بۆخۆی تۆمار دەکرد، داعش هەروا دەهات و ناوچەی زیاتری لە عێراق و لە سوریاشدا داگیر دەکرد، تاوانەکانی زیاتر و زیاتر دەبوون لەگەڵ پاشەکشەی زیاتری لەشکری عێراقدا و هەروەهاش بێدەنگی هەندێک لە پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی عێراق لەوانە عەرەبی سوننە.

لە ئاوەها ڕەوشێکدا دەرفەتێکی زێڕین بۆ شیعە ئاینزاکانی ئەو وڵاتە بە شەڕ وێرانبووە ڕەخسا تا بکەونە خۆ و ڕێبەری باڵای شیعەکانی عێراق داوای خۆبەخش بکات بۆ شەڕی جیهادییەکانی سوننە کە بە ئاشکرایی و ڕاشکاوانە لێدوانی ئاگرینیان دژی شیعەکان دەدا.

میوانی بەرنامە:

دکتۆر سەردار قادر، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سلێمانی

حەشدی شەعبی پێکهێنرا، وێڕای گومان و نیگەرانییەکانی هەبوون لە پەرلەمانی عێراقیشدا یاسای تایبەتی بۆ پەسەندکرا و کرا بە بەشێک لە هێزە فەرمییە ئاسایشییەکانی عێراق.

حەشدی شەعبی بەشدارییەکی بەرچاوی هەبوو لە شەڕی دژی داعشدا، بەڵام هەر پێشڕەوییەکی کردبێت، نەبووە مایەی ڕواندنەوەی ئەو گومانانەی لەسەر ئەو هێزە هەن، بە تایبەتیش لەوەی بە هێزێکی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران ناودێر دەکرا.
نە هەر ئەوەندە بەڵکو زۆر جاریش دەگوترا هێزی هاوشێوەی (هێزی بەسیج) ی ئێرانیەکانە.

ئەوکاتە ئایەتوڵا عەلی سیستانی دەیگوت ئەم هێزە بۆ ڕێگەگرتنە لە مەترسییەکانی تێرۆریزم.

هێزەکانی حەشدی شەعبی لەگەڵ هەر بەشدارییەکیاندا لە شەڕەکاندا وەک گەواهدەران و ڕێکخراوە خۆجێی و نێونەتەوەییەکانیش دەڵێن پێشێلکارییەکی زۆری مافەکانی مرۆڤیان کردووە، شەڕەکانی تکریت و موسڵ و ناوچەکانی تریش بە نمونە.

لەگەڵ ئەوەشدا کە کورد لە عێراقدا هێزێکی تۆکمەی ئەم شەڕە بووە لە دژی تێرۆریستان بەڵام ئەم بەشدارییە ڕاستەقینەیە نەبووە مایەی ئەوەی حەشدی شەعبی پێشێلکاری بەرامبەر بە کورد نەکات، بەتایبەتیش لە ناوچە دابڕێندراوەکاندا.

دوابەدوای ڕاگەیاندنەکەی حەیدەر ئەلعەبادی سەرەک وەزیری عێراق، موقتەدا ئەلسەدر کە بە یەکێک لە کەسایەتییە گرنگ و کاریگەرەکانی شیعە ئاینزاکان دادەنرێت لە عێراقدا داوای لە هێزە چەکدارەکەی کرد تا چ چەکێکی دەوڵەتی عێراقیان لەلایە بیدەنەوە بە حکومەتی وڵاتەکە. بە دوای سەدردا سەرکردەکانی یەک دوو هێزی تری شیعەکان هەمان داوایان کردبوو.

بەڵام هێشتا نەزانراوە مەبەستی ڕاستەقینە لە پشت ئەم داوایانەوە چین، ئایا هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی حەشدە بە مەبەستی سنوردارکردنی کاریگەرییەکانی ئەم هێزە لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا بە تایبەتیش کە بڕیارە لە ساڵی داهاتوودا هەڵبژاردن بکرێت.

ناو ماڵی شیعە لە عێراقدا پڕە لە ناکۆکی و نا تەبایی، هەر بۆیەشە لەناو شیعەکانیشدا ترس هەیە لەوەی ئەو هێزانەی حەشدی شەعبی بەکاربهێنرێن بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو ناکۆکی و ناتەباییانە.

هەندێک سەرچاوە ئاماژەیان بەوە دەکرد لە پاش شەڕی موسڵ پێویستە یەکەکانی حەشدی شەعبی دوور لە بەغدا و نەجەف بن و لە شوێنەکانی تری وڵاتەکدا دابنرێن. بۆ ئەم مەبەستەش ناوچە دابڕێندراوەکان لەعێراق دیارکرا، بەتایبەتیش ئەو ناوچانەی جێی مشتومڕی سیاسی نێوان کورد و حکومەتی نێوەندی بوون و تەنها بیانویەکیش بۆ دەسەڵاتدارانی بەغدا شەڕی ئازادکردنی حەویجە بوو.

ئایا شەڕی دژی داعش لە عێراق کۆتاییپێهات وەک سەرەک وەزیری وڵاتەکە ڕایگەیاندووە؟

ئەگەر شەڕی دژی داعش تەواو بووە چ پێویستیەک بە هێزەکانی حەشدی شەعبی هەیە؟

ئایا حەشدی شەعبی بۆ شەڕی دژی تێرۆریزم بوو یان شەڕی پێکهاتەکانی عێراق؟

لە ڕوانگەی ئەو پێشێلکاریانەی حەشدی شەعبی کردوونی ئایا چ جیاووازییەک لە نێوان حەشد و داعشدا هەیە؟
(دکتۆر سەردار قادر) پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سلێمانی لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:33:21 0:00



XS
SM
MD
LG