لایه‌نى كوردى ڕه‌خنه له سه‌ردانه‌كه‌ى چه‌ند ڕۆژى ڕابردووى شاندی نه‌ته‌وهڤ‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ قه‌زاى خورماتووى پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دین ده‌گرێت، به‌وه‌ى کە نه‌ڕۆیشتوه‌ته گه‌ڕه‌كه كوردیه‌كان تا له‌نزیكه‌وه سوتاندن و ته‌قاندنه‌وه‌ى ماڵه كورده‌كان ببینێت.
مه‌لا حه‌سه‌ن محه‌مه‌د ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دین، له‌لێدوانێكدا بۆ ده‌نگى ئه‌مه‌ریكا ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، ڕۆژێک پێش ڕۆیشتنى شاندی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ خورماتوو، ئه‌وان له‌كه‌ركوک له‌گه‌ڵیاندا دانیشتون و چاوساغێكیان له‌گه‌ڵ ناردوون بۆ خورماتوو.
له‌به‌رانبه‌ردا عه‌لى حسێنى وته‌بێژى میحوه‌رى باكورى عێراقى حه‌شدى شه‌عبى، ڕه‌تیكرده‌وه ئه‌وان ڕێگریان له وه‌فدى نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان كردبێت بۆ چونه گه‌ڕه‌كه كوردیه‌كان، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاى ڕاگه‌یاند"بڕیاره وه‌فدێك له‌دانیشتوانه كورده‌كه‌ى خورماتووش سه‌ردانمان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى قسه له‌باره‌ى گه‌ڕانه‌وه‌یان بكرێت، ئێمه هیچ كێشه‌یه‌كمان له‌گه‌ڕانه‌وه‌ى كورده‌كاندا نییه."
قه‌زاى خورماتوى پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دین كه زۆرترین گرژى له‌نێوان كورد و توركمانى شیعه تێیدا روویداوه، له‌ئێستادا كورده‌كانى قه‌زاكه ئاواره‌ن و حه‌شدى شه‌عبى به تاڵانكردن و سوتاندن و ته‌قاندنه‌وه‌ى ماڵه كورده‌كان تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، حه‌شدیش ئه‌و تۆمه‌ته ره‌تده‌كاته‌وه.
گوێ لە دەقی ڕاپۆرتەکە بگرە.