Accessibility links

کۆمکاری عەرەب: بڕیارەکەی ترامپ لەسەر ئورشەلیم بڕیارێکی مەترسیدارە


کۆمکاری عەرەب ڕادەگەیەنێت بڕیاری سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بۆ ناساندنی ئورشەلیم وەکو پایتەختی ئیسرایل بڕیارێکی مەترسیدارە کە نیشان دەدات وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لایەنگری داگیرکردن دەکات و سەرپێچی کردنە لە یاسا و بڕیارە نێونەتەوەییەکان.

ئەم بەیاننامەیەی کۆمکاری عەرەب ڕۆژی یەکشەممە بڵاو کرایەوە پاش کۆبونەوەیەکەی بەپەلەی وەزیرانی دەرەوەی کۆمکارەکە لە قاهیرە. لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە ئەم هەڵوێستەی ترامپ ڕۆڵی ئەمەریکا وەکو ناوبژیوانێک بۆ پرۆسەی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بنکۆڵ دەکات.

کۆمکاری عەرەب ڕایشدەگەیەنێت ئەم بڕیارەی ترامپ لەسەر ئورشەلیم " هەوڵەکان بۆ هێنانی ئاشتی بنکۆڵ دەکات ، ناکۆکییەکان قوڵتر دەکاتەوە و توڕەبوون زیاد دەکات کە دەبێە مایەی نائارامی و توندوتژیژی، ئاژاوەو خوێنڕشتن لە ناوچەکە."

سەرۆکی کۆمکاری عەرەب داوای لە وڵاتانی جیهان کرد بۆ وەڵامدانەوەی ڕاگەیاندنەکەی ترامپ، فەلەستین وەکو وڵاتێکی سەربەخۆ بناسێنن و ئورشەلیمیش وەکو پایتەختەکەی.

وەزیرەکان داوایان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیش کرد بڕیارێک پەسەند بکات بۆ سەرزنشت کردنی بڕیارەکەی ترامپ.

کۆبونەوەکەی قاهیرە پاش سێ ڕۆژی خۆپیشاندان بوو لە کەناری ڕۆژئاوا و کەرتی غەززە، هەروەها خۆپیشاندانەکانی مزگەوتی ئەلئەزهەر لە پایتەختی میسر.

XS
SM
MD
LG