Accessibility links

کوژرانی سەرۆکی پێشووی یەمەن


شیعە سەهەڵداوەکانی یەمەن دەڵێن عەلی عەبدوڵا ساڵح، سەرۆکی پێشووی وڵاتەکە کوژراوە و زۆرێک لە لایەنەکانی ناو یەمەن هەواڵی کوژرانەکە پشـتڕاستدەکەنەوە.

تەلەفزیۆنی ئەلمەسیرەی سەر بە حوثییەکان دەڵێت عەلی عەبدوڵا ساڵح ، ئەوەی بۆ زیاتر لە سی ساڵ سەرۆکی وڵاتەکە بوو و ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە شەڕی بەردەوامی ناوخۆی یەمەندا، بە ڕێبەری خیانەتکاران ناودێری کردووە.

ساڵح تا هەفتەی ڕابردوو لە هاوپەیمانێتییەکی لاوازدا بووە لەگەڵ حوثییەکاندا.

هەواڵەکان جۆراوجۆرن لەسەر شێوەی کوژارانەکەی سەرۆکی پێشووی یەمەن.

گەورە کاربەدەستێکیش لەگەڵ ئەو حکومەتەی یەمەندا کە لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی دانیپێدانراوە هەواڵی کوژرانی عەلی عەبدوڵا ساڵحی بۆ ئاژانسی دەنگ و باسی ئەسیۆشێتد پرێس پشتڕاست کردۆتەوە، هەروەها دیمەنێکی ڤیدیۆییشی ناردووە بۆ ئاژانسەکە و تیایدا تەرمی عەلی عەبدوڵا ساڵح دەردەکەوێت و ژمارەیەک چەکداریش هاوار دەکەن ئەڵاهوئەکبەر.

ئەو کاربەدەستە بەو مەرجەی ناوی نەهێنرێت لێدوانەکانی داوە، بەڵام وەک ئاژانسەکە دەڵێت ناتوانرێت بە تەواوەتی دینمەنی ناو ڤیدیۆکە پشتڕاست بکرێتەوە، هەرچەندە ئەو ڤیدیۆیە بە شێوەیەکی بەربڵاو بڵاوبۆتەوە.

هاوکات دانیشتوانی شاری سەنعا، پایتەختی یەمەن بە درێژایی شەو لە ژێرزەمینەکاندا ماونەتەوە بەهۆی بۆردومانە بەردەوامەکانی هاوپەیمانێتی بە سەرکردایەتی عەرەبستانی سعودیە بۆسەر شوێنەکانی حوثییە شیعەکان .

XS
SM
MD
LG