Accessibility links

وەک بارێکی باو تێگەیشتن یان لەگەڵ ناوهێنانی وشەی فەلسەفەدا دەستبەجێ ژمارەیەک ڕێنوماییمان بە بیردا دێت کە وەک پرەنسیپێک بۆ ژیان دەخرێنە ڕوو، یانیش وەک سوکرات فەیلەسوفی گەورەی یۆنان و جیهان دەڵێت فەلسەفە وردبوونەوە و بیرکردنەوە و تێڕامانە لە خود و لە دەوروبەریش.

لێرەوە دەشێت دۆسێی پرسیار بێتە ئاراوە، واتە پرسیار لە خود و لە هەموو ئەو شتانەش کە دەبنە بەشێک لە بوون، وە لەو پرسیارانەوە دیالۆگ دروست دەبێت، بەڵام دیالۆگێکی جودایە لەتەواوی ئەو گفتوگۆیانەی وەک بارێکی باو دەکرێن لەو ڕوانگەیەوەی ئەو پرسیارانەی لە ڕەهەندی بیرکردنەوە و تێڕامانەوە سەرچاوە دەگرن و دەمانگەیەننە تێگەیشتن هەردوکیشیان پێکەوە دەبنە کرۆکی ئەو دیالۆگەی لە پێناو باشترکردنی ژیاندایە.

ناتوانرێت نکوڵی لە ئەرکی فەلسەفە بکرێت لە ژیاندا بە تایبەتیش کاتێک وەک بابەتێکی زانستیانەی مرۆیی ناودێر دەکرێت بۆ هێنانە ئارای ڕاڤەکردنێکی بابەتیانە و مشتومڕ و دیالۆگێکی بونیاتنەر لە پێناو گەیشتن بە وەڵامی ئەو پرسیارانەی لەسەر ژیان هەن و هێشتا وەڵام نەدراونەتەوە.

میوانی بەرنامە:
هەژان مینە، مامۆستای بەشی فەلسەفە - زانکۆی سەڵاحەدین

وەڵامی هەر یەکێکیش لەو پرسیارانە بە گریمانەی نوێ دەستپێدەکەن و جارێکی تریش ئەو گریمانە نوێیانە لە هەناوی خۆیانەوە پرسیاری تر دەوروژێنن.

دەشێت مانایەکی تری فەلسەفە گەڕان و هەوڵدان بێت بۆ فێربوون و بونیاتنانی مرۆڤ لە ڕووی هزریەوە و هەروەهاش بۆ خستنەوە سەر ڕێچکەی ئەو مرۆڤانەی بە هۆکاری جیاوازەوە لە ململانێدان لەگەڵ تێکشکاندنەکانیاندا.

بێگومان فەلسەفەش ژمارەیەک بەشی جیاوازی خۆی هەن لەوانە فەلسەفەی ئاکار، سیاسی، کۆمەڵایەتی و جوانی و هتد، کە هەریەکەیان بە شێوازی جودا پرسیارەکانی خۆی دەوروژێنێت،وەلێ ئەرکی پێناسەکردنی فەلسەفە تابڵێیت قورستر و ئاڵۆزتر دەکات، هەر بۆیەشە زۆرێک لە شارەزایان و پسپۆڕانی ئەم بوارە خۆیان لە قەرەی دۆسێی پێناسەکردنی فەلسەفە نادەن.

شارەزایی لە فەلسەفەدا یان بوون بە فەیلەسوف و خاون تیۆری تایبەت بەس نییە بۆ ئەوەی بگوترێت ئەم بیرکردنەوەیە هەیە، بەڵکو توانایی لە گەیاندنیدا بە یەکێک لە ئەرکە هەرە سەرەکییەکان دادەنرێت، چونکە ئەمە تەنها ڕێگەیەکە بۆ خستنە ڕووی بیرۆکە چڕ و پڕەکان.

بۆ ئەوەی لە بیرکردنەوە تێبگەین و ڕوانینە فەلسەفییەکان لای خۆمانەوە ڕاڤە بکەین وەک زۆرێک لە لێکۆڵەرەوە ئاماژەی پێدەکەن "پێویستە بیرکردنەوە فێربین."

هاوشێوەی زۆرێک لە زانکۆکانی جیهان لەهەرێمی کوردستانیش چەند زانکۆیەک بایەخیان بە خوێندنی فەلسەفە داوە و بەشی تایبەتییان بۆ کردۆتەوە و ساڵانە خوێندکاران لەم بەشانە بڕوانامە وەردەگرن و هەندێکیشیان هەنگاوەکانیان فراوانتر دەکەن و دەڕۆن بۆ وەرگرتنی بڕوانامەی باڵا، وەک "هەژان مینە" میوانی بەرنامەی ئەمڕۆی ژیان لە فەرهەنگدا.

بەڵام یەکێک لە پرسیارە سەرەکییەکان ئەوەیە ئایا خوێندنی فەلسەفە لە زانکۆکاندا بەسە بۆ ئەوەی بگوترێت کۆمەڵگەکەمان پرسیاری زیاتر دەوروژێنێت؟

بۆچی گرنگە بایەخ بە فەلسەفە بدرێت لە قۆناغە جیاوازەکانی خوێندندا؟
ئایا ڕوانینە فەلسەفییەکان لێکدانەوەکانیان بۆ ژیان سادەکردووە یان ئاڵۆزتر؟
ئایا فەلسەفە پەیوەندی نێوان ژیان و کارکردنی بینیوەتەوە؟
ئایا فەلسەفە ڕۆچۆتە ناو فەرهەنگی کوردییەوە؟

هەژان مینە، مامۆستای بەشی فەلسەفە لە زانکۆی سەڵاحەدین لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرس و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە.

دەقی بەرنامەی ژیان لە فەرهەنگدا:

XS
SM
MD
LG