Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: کورد و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

  • Balen Salih

لەگەڵ ئەوەشدا کە هێشتا شەڕی دژی تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی بە فەرمی کۆتایی نەهاتووە، بەڵام هەر لە ئێستاوە مشتومڕێکی زۆری سیاسی لە ناوچەکەدا هاتۆتە ئاراوە سەبارەت بە ڕۆڵ و پەیوەندییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە قۆناغی پاش داعشدا.

لە کاتی شەڕەکاندا هاوپەیمانێتی بە سەرکردایەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتیوانییەکی بەرچاوی دەکرد لەو هێزانەی لەسەر زەمین شەڕی دژی داعشیان دەکرد.

کورد لە عێراق و لە سوریاشدا دەکرێت بگوترێت هێزی سەرەکی ئەم شەڕە بووە دژی دەوڵەتی خەلافەت.

لە سوریا یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) هەر لە شەڕی کۆبانییەوە تا دەگاتە ئازادکردنی شاری ڕەققە پایتەختە دیفاکتۆکەی دەوڵەتە خەلافەتیەکەی ئەبوبەکر ئەلبەغدای، هێزی پێشەنگ و سەرەکی بووە لەو شەڕانەدا. دواتریش کە هێزی سوریای دیموکرات (هەسەدە)پێکدەهێنرێت یەپەگە دەبێتە هێزی سەرەکی و ڕێبەرایەتیکردن لە ناو هەسەدەدا کە ئێستا لە ڕیزی پێشەوەی بەرەکانی شەڕی دژی تێرۆریزمدایە.

میوانی بەرنامە:

دکتۆر موحەمەد جەلال مەجید، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان

لە هەرێمی کوردستانی عێراقیش، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە درێژایی ئەو بەرەی جەنگەی لە شنگالەوە تا خانەقین توانیی زۆرێک لە پیلانەکانی داعش پوچەڵ بکاتەوە و لە زۆرێک لە ناوچەکانیشیدا شکست بە داعش بێنێت.

لەو ماوەیەدا وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتیوانییەکی زۆری لەشکری و لۆژستی ئەم هێزانەی کوردی کردووە و ئەمەش ڕاستییەکە نکوڵی لێناکرێت، بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە لەوەدایە ئایا ئەو پشتیوانیانە ڕەهەندی سیاسییان هەبوون یان هەن؟!

زۆر جار گوتراوە کورد نەیتوانیوە سود لە دەرفەتەکان وەربگرێت و پێگەی خۆی لە سیاسەتی ناوچەکە و سیاسەتی نێونەتەوەییشدا تۆکمە و جێگیر بکات.

لە ئێستادا کۆشکی سپی دەڵێت لەگەڵ نزیک بوونەوە لە کۆتایی شەڕی داعش، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆمەکە لەشکرییەکانی بۆ هێزەکانی شەڕی داعش دەکەن ،کەم دەکاتەوە و دەشێت پێداچوونەوەش بەو سیاسەتی یارمەتییە لەشکریانەیدا بکاتەوە.

ئانکەرەش لای خۆیەوە دەڵێت ئەمریکا دابینکردنی چەک و کەرەستە لەشکرییەکان بۆ جەنگاوەرە کوردەکانی سوریا ڕادەگرێت. بەڵام کۆشکی سپی هیچ پەیمانێکی لەو شێوەیەی پشتڕاست نەکردۆتەوە، تەنها ئاماژەی بە شیانی کەمکردنەوەی کۆمەکە لەشکرییەکان کردووە لە کاتێکدا داعش بەرەو شکستێکی تەواو دەڕوات لەو ناوچەیەی جیهاندا.

دەقی بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا:

XS
SM
MD
LG