پۆلیسی دژە تێرۆر لە شاری ئەسینا پایتەختی یۆنان نۆ تورک دەستگیر دەکەن.
ئەم دەستگیرکردنانەی ئەمڕۆ سێشەممە وەک بەشێکە لەو لێکۆڵینەوانەی لەسەر ڕێکخراوە چەپڕەوە توندڕەوەکان دەکرێن بەر لە سەردانەکەی مانگی داهاتووی سەرۆکی تورکیا بۆ یۆنان.
لە ڕاگەیاندنێکی پۆلیسدا هاتووە "دەستگیرکردنی ئەو نۆکەسەی خەڵکی تورکیا کە یەکێکیان ژنە لە ناوچەیەکی ناوەڕاستی ئەسینادا پەیوەندی نییە بە تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامیەوە، بەڵکو پەیوەندییان هەیە بە پارتی ڕزگاری گەلی شۆڕشگێر-بەرە."
تورکیا و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپاش، پارتی ڕزگاری گەلی شۆڕشگێڕ بە ڕێکخراوێکی تێرۆریست ناودێر دەکەن.
پۆلیس دەڵێت لە کاتی پشکنینی ئەو سێ ماڵەی تورکەکانی تیادا دەستگیرکراون ژمارەیەک ئامێر و کەرەستەی تەقینەوەش دۆزراونەتەوە.