Accessibility links

له‌ هه‌ولێر ڕێگرى له‌ به‌رێوه‌چوونى سيمينارێک ده‌كرێت


لە هەفتەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژى ژنان ، ئەکادیمیای سیاسەت و هزری دیموکراسی، کۆڕێکی بۆ سێ چاڵاکی مافەکانی ژنان رێکخست به‌ڵام كۆڕه‌كه‌ به‌ڕێوه‌نه‌چوو. رێكخه‌رانى كۆڕه‌كه‌ به‌ ده‌نگى ئه‌مه‌ريكایان ڕاگەیاند ئاسایشی هەولێر بە بێ هۆکار هەڵیکۆتاوه‌ته‌ سەر ئامادەبوان و ڕێگەيان پێ نەدراوه‌ کۆڕەکە ئەنجام بدرێت. له‌باره‌ى ئه‌و ده‌نگۆ و لێدوانانه‌ى رێكخه‌ر و چاڵاكوانانى ژنان له‌سه‌ر ڕێگريكردنيان له‌ لايه‌ن ئاسايشى هه‌ولێره‌وه‌، ده‌نگى ئه‌مه‌ريكا چه‌ندين جار په‌يوه‌ندى به‌ تارق نورى به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسايشى هه‌ولێر كرد بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ و زانيارى زياتر له‌سه‌ر هۆكارى به‌ڕێوه‌نه‌چوونى كۆڕه‌كه‌ به‌ڵام ناوبراو وڵامى ده‌نگى ئه‌مه‌ريكاى نه‌دايه‌وه‌ .

له‌باره‌ى هۆكار و چونيه‌تى رێگريكردنيان له‌ لايه‌ن ئاسايشه‌وه‌ شوكروڵا حه‌مه‌ده‌مين به‌رپرسى ئه‌كاديمياى سياسه‌ت و هزرى ديموكراسى له‌ هه‌ولێر به‌ ده‌نگى ئه‌مه‌ريكای گوت به‌ بۆنه‌ى هه‌فته‌ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتيژى دژى ژنان سيمينارێكيان رێكخستبوو بۆ سێ كه‌س به‌ڵام ئاسايش هات و گوتيان نابێت سيميناره‌كه‌ بدرێت و پێيان ڕاگه‌ياند كه‌ له‌ سه‌رووى خويان وايان پێ گوتراوه‌ و رێگه‌ ناده‌ن سيميناره‌كه‌ بدرێت و هۆكاره‌كه‌شيان ڕوون نه‌كردۆتەوە و په‌يوه‌نديان به‌سه‌ره‌وه‌ كرد ئه‌وانيش گوتيان سه‌ره‌وه‌. گرژو ئاڵۆزیش دروست بوو لە کاتێکدا‌ چه‌ند كه‌سێک ده‌يانويست وێنه‌ى ئه‌و ديمه‌نانه‌ بگرن كه‌ به‌ چه‌كه‌وه‌ هاتبوونه‌ ئه‌وێ په‌لامارى ئه‌و كه‌سانه‌يان دا كه‌ وێنه‌يان ده‌گرت كه‌سێک له‌ ئه‌نجامى ئه‌وه‌وه‌ له‌ هۆش خوى چوو و گه‌يه‌نرايه‌ نه‌خۆشخانه‌.

كنێر جه‌ميل ئه‌ندامى بۆردى ئه‌كاديمياى سياسه‌ت و هزرى ديموكراسيه‌ له‌سه‌ر داواى ئه‌و خه‌ڵكێكى زور هاتبووه‌ ئه‌كاديميا بۆ به‌شداربوون و ئاماده‌بوونيان له‌و سيميناره‌، ناوبراو به‌ ده‌نگى ئه‌مه‌ريكای ڕاگەیاند ئه‌وانه‌ى كه‌ هاتوونه‌ته‌ سه‌ريان پێيان ڕاگه‌يه‌نراوه‌ خاڵى ڕه‌شيان له‌سه‌ره‌ بۆيه‌ رێگرى له‌و كۆره‌ كراوه‌ و هه‌روه‌ها پێيان گوتووه‌ جارێكى تر بۆيان نيیە‌ هيچ كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌يه‌ک بكه‌ن مەگەر به‌ ئه‌مرى ئاسايش بێت.

دەقی ڕاپۆرتەکەی پەیامنێرمان ئەحمەد زێباری

XS
SM
MD
LG