Accessibility links

شاندی سوریا دوادەکەوێت بەڵام مەرج نییە کۆبوونەوەکەی ژنێڤ نەکرێت

  • VOA News

وتووێژەکانی ئاشتی لە ژنێڤ لە وادەی خۆیدا دەستپێدەکەن بەو شێوەیەی بەرنامەی بۆ دانراوە، هەرچەندە پێدەچێت شاندی حکومەتی سوریا لە کاتی خۆیدا نەگاتە جێ.

نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارە ڕۆژی سێشەممە دەست بکاتەوە بە وتووێژەکانی ئاشتی لە نێوان حکومەتی سوریا و ئۆپزسیۆنی وڵاتەکەدا.

ئۆپزسیۆن لە هەفتەی ڕابردوودا ڕایگەیاند ئامادەیە بۆ بەشداریکردن لە وتووێژی ڕاستەخۆ لەگەڵ حکومەتدا بەبێ هیچ مەرجێکی پێشوەخت، هەرچەندە هەندێک لە کەسایەتییەکانی ئۆپزسیۆن داوای لەکارلادانی بەشار ئەلئەسەد سەرۆکی سوریایان کردبوو هەر کە وڵاتەکە کەوتە قۆناغی گواستنەوەوە.

هێستا حکومەتی سوریا شاندی خۆی بۆ ئەو وتووێژانە دیار نەکردووە و ڕۆژنامەی ئەلوەتەنیش کە سەر بە حکومەتی سوریایە نوسیویە پێناچێت ئەمڕۆ دوو شەممە هیچ شاندێکی حکومەت بروات بەرەو ژنێڤ و دەشنوسێت داوای ئۆپزسیۆن بۆ لە دەسەڵات لاچوونی بەشار ئەلئەسەد مەرجێکی شاراوەیە.

لە ژنێڤیش دیپلۆماتانی نزیک لە دانوستاندنەکانەوە دەڵێن وێڕای ئاماژەکان کە گەیشتنی نوێنەرانی حکومەتی سوریا دواخراوە بەلام هیچ شتێک لە ئارادا نییە بگوترێت وتووێژەکان لە وادەی خۆیدا دەست پێناکەن.

ڕەمزی ڕەمزی، جێگری نێردراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دۆسێی سوریا لە پاش کۆبوونەوەکەی ڕۆژی شەممەی لەگەڵ فەیسەڵ میقداد، جیگری وەزیری دەرەوەی سوریادا لە دیمەشق، گوتبووی لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی سێشەممەی ژنێڤدا چوار دۆسێی سەرەکی باس دەکرێن، دەستوری نوێ، فەرمانڕەوایەتی، هەڵبژاردن و هەروەهاش بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم.

XS
SM
MD
LG