Accessibility links

سۆفییەکانی میسر بەرنامەی ئاهەنگ گێڕانی جەژنی لەدایک بوونی پێغەمبەریان هەیە


موسوڵمانە سۆفییەکانی میسر دەڵێن بەرنامەی بەردەوامییان هەیە بۆ ئاهەنگ گێڕانی ساڵانەی ڕۆژی لەدایک بوونی پێغەمبەری موسوڵمانان.

ئەم ڕاگەیاندنەی سۆفییەکانی میسر چەند ڕۆژێکە پاش هێرشێکی خوێناوی بۆ سەر مزگەوتێک لە سینا کە 305 کەسی تیادا کوژران و 128 کەسیش برینداربوون.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشەی ڕۆژی هەینی ڕانەگەیاندووە، هەرچەندە لە میسر بڕوایەکی زۆر هەیە هۆکاری ئەو هێرشە بەجێگەیاندنی مەڕاسیمی ئاینی بووە لە لایەن سۆفییەکانەوە لە مزگەوتی ئەلڕەوزە لە گوندێکی تردا کە هەڵگری هەمان ناوی مزگەوتەکەیە.

سۆفییەکان وەک بزووتنەوەیەکی ئاینین لەناو ئیسلامدا بەڵام توندڕەوانی ئیسلامی سۆفییەکان بە زەندیق ناودێر دەکەن.

سۆفییەکان دەڵێن ڕۆژی هەینی داهاتوو لە سەرانسەری میسردا و لە مزگەوتی ئەلحوسەین لە قاهیرە کە بە یەکێک لە شوێنە ناودارەکانی موسوڵمانەکان دادەنرێت لە وڵاتەکەدا، ئاهەنگی جەژنی لەدایک بوونی پێغەمبەر موحەمەد دەگێڕن.

بەپێی فرمانەکانی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر سێ ڕۆژ پرسەی گشتی ڕاگەیەندراوە.

لەو هێرشەی رۆژی هەینیدا 25 بۆ 30 توندڕەوی ئیسلامی بە ئەڵاهوئەکبەرەوە دەستیان بە تەقەکردن کردووە و هەروەهاش هەنارۆکیان هەڵداوەتە ناو نزیکەی 500 کەس لە ئامادەبووان لە ناو مزگەوتەکەی سینادا.

سەرۆکی میسر لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا پەیمانی بەکارهێنانی هێزی لە ڕادەبەدەری داوە دژی هێرشبەرەکان کە هاوکاتی ڕاکردنیان تەقەشیان لە ئامبۆلانس و کارمەندانی فریاگوزاریش کردووە.

XS
SM
MD
LG