Accessibility links

چەكدارە كرویەكان بەرێوەبەرى ناحیەى جەلەولا دەدەنە دادگا


دادگاى جەلەولا بریارى دەستگیركردنى بۆ شێخ یەعقوب لهێبى بەرێوەبەرى ناحیەكە دەركرد، كە ناوبراو لەلایەن چەكدارە كرویەكانى جەلەولاوە سكاڵاى لەسەر تۆماركراوە.

شێخ یەعقوب لهێبى بەرێوەبەرى ناحیەى جەلەولا و سەرۆك عەشیرەتى لهێبە، كە عەشیرەتێكى عەرەبى سونەیە، بەڵام دۆستایەتى لەگەڵ كورددا زۆرە و لەلایەن كوردەوە كراوەتە بەرێوەبەرى ناحیەكە، لەئێستا لەلایەن چەكدارە كانى عەشیرەتى كرویەوە سكاڵاى لەسەر تۆماركراوە، كە ئەو چەكدارانە ساڵى 2014 چونە پاڵ داعش و شەریان دژى پێشمەرگە راگەیاند.

شێخ یەعقوب لهێبى، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"كرویەكان سكاڵایان لەسەر تۆماركردووم، بەتۆمەتى ئەوایە گوایە ماڵم رووخاندون و لێم كوشتون، لەكاتێكدا ئەمە ئەسڵ و ئەساسى نیە."

لەناوەراستى ساڵى 2014 كاتێك داعش جەلەولاى پارێزگاى دیالەى كۆنترۆڵكرد، سەرجەم چەكدارانى عەشیرەتى كروى كەپێشتر زۆربەیان لەریزى سوپاى عێراق دا كاریانكردووە ، چونە پاڵ داعش و بۆ ماوەى پێنج مانگ دژى پێشمەرگە شەرِیانكرد.

لەكۆتایى هەمانساڵدا كاتێك پێشمەرگە ناحیەى جەلەولاى بەتەواوەتى كۆنترۆڵكرد، ئەو چەكدارانە رۆیشتنە شارى بەعقوبەى ناوەندى پارێزگاى دیالە و پێشمەرگەش گەرِەكى تەجنیدى جەلەولاى بەتەواوەتى رووخاند كەئەوان تێیدا نیشتەجێ‌ بوون، بەڵام لەمانگى رابردووەوە كە هێزە عێراقیەكان جارێكى تر ناحیەكەیان كۆنترۆڵكردەوە، ئەو چەكدارانە گەراونەتەوە بۆ جەلەولا.

شێخ یەعقوب لهێبى وتى"ئەو چەكدارانە دەستیان بەخوێنى 176 پێشمەرگە سورە، كەس نایە سكاڵایان لەسەر تۆماربكات، كەچى ئەوان شكات لەئێمە دەكەن."

دەربارەى رۆیشتنى بۆ بەردەم دادگا، بەرێوەبەرى ناحیەى جەلەولا وتى"لەجێگەى خۆم دەوام دەكەم و نەچومەتە دادگا، چونكە پارێزگارى دیالە پێیوتم كەنەچم."

چەكدارانى عەشیرەتى كروى كاتێك كۆتایى مانگى رابردوو بۆ جەلەولا گەرانەوە هەرەشەیان لەژمارەیەك هاوڵاتى كردبوو، بۆیە بەبریارى حەیدەر عەبادى ژمارەیەكیان لەناحیەكە دوور خرانەوە بۆ شارى بەعقوبە.

دەقی ڕاپپۆرتەکەی دڵشاد ئەنوەر


XS
SM
MD
LG