Accessibility links

دکتۆر فوئاد حوسەین: لەگەڵ ئەو ڕەوشەی ئێمەی تیاداین وەهای نابینم بەغدا زۆر بەهێز بێت


دکتۆر فوئاد حوسەین
دکتۆر فوئاد حوسەین

نێردراوی سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پاش سەردانەکەی بۆ بەغدا، دەچێتە هەولێر و لەوێش لەگەڵ گەورە کاربەدەستانی هەرێمی کوردستاندا کۆ دەبێتەوە.

برێت مەکگۆرک لە بەغدا و لە هەولێریش جەختی لە گرنگی دانوستاندنی نێوان هەرێم و حکومەتی نێوەندی عێراق کردۆتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان لەسەر بنەمای دەستوری عێراق.

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەڵێت مەکگۆرک ئەو پەیامەشی بۆ هەرێمی کوردستان هەبووە کە حکومەتی ئەمریکا و کاربەدەستانی ئەمریکاش خۆیان دادەنێن بە دۆستی هەرێمی کوردستان و دەشیانەوێت پشتگیری لە هەرێمی کوردستان بکەن و دەشڵێت پەیامەکەی تری نێردراوی سەرۆکی ئەمریکا هەمان پەیامی وڵاتانی ترە کە بە باشی دەزانن دانوستاندنەکان لە نێوان بەغدا و هەولێردا دەستپێبکات.

هەرێمی کوردستانی عێراق و حکومەتی نێوەندیش لە بەغدا هاوڕان لەسەر ئەوەی دانوستاندنەکان لەسەر بنچینەی دەستوری عێراق بن.
دەستوری عێراق لە ساڵی 2005 دا پەسەندکرا بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستا ئەم دەستورە کە کورد خۆی ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە داڕشتن و لە پەسەندکردنەکەشیدا، نەیتوانیوە هیچ چارەسەرییەک بۆ هیچ یەکێک لە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بێنێتە ئاراوە.

دکتۆر فوئاد حوسەین دەڵێت لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا بەڵام دانیشتنەکان هەر لە چوارچێوەی دەستوردا دەبن و هەرێمی کوردستانیش ڕایگەیاندووە کە پابەندە بە دەستورەوە.

دکتۆر فوئاد ئاماژەش بەوە دەکات کە بەغدا یەک بەغدا نییە و زۆر دەسەڵاتی تیادایە و دەشڵێت تا ئێستا ئەو ئاماژانەی لە بەغداوە دەردەکەون ئەوە نیشان نادەن کە حکومەتی نێوەندی عێراق ئامادەیە لەم قۆناغەدا و لەم ڕۆژانەدا ئامادەی دانیشتن بێت و دەڵێت دوور نییە پاش ماوەیەکی تر دانیشتنەکان دەستپێبکەن.
دکتۆر فوئاد ناڵێت ئەو ماوەیەی تر چەندە، بەڵام جەخت دەکاتەوە لەوەی درێژە کێشانی ئەم ڕەوشەی ئێستای نێوان هەرێم و بەغدا بۆ هیچ لایەک باش نییە.

لە وەڵامی پرسیارێکی بەڵێن ساڵح سەبارەت بەوەی ئایا ئەو بڕیارانەی لە بەغداوە دەدرێن بڕیاری عێراقین یان لە ژێر کاریگەری وڵاتانی تری ناوچەکەدا ئەو جۆرە بڕیارانە دەدرێن وەک کۆماری ئیسلامی ئێران، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەڵێت زۆر وڵات کاریگەرییان هەیە لەسەر سیاسەتی بەغدا و بە تایبەتیش لە ڕەفتاری بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا، بەڵام لە کۆتاییدا بەغدا خۆی خاوەنی بڕیارە و دەشڵێت هەر بۆیە دەبێت پەیوەندییەکان و دانوستاندنیش هەر لەگەڵ بەغدادا بێت.

زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:07:09 0:00

XS
SM
MD
LG