Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: پێشنیازەکەی هەرێمی کوردستان و وەڵامی بەغدا

  • Balen Salih

سەرەک وەزیری عێراق جەخت دەکاتەوە لەوەی دەبێت ئەو ڕیفراندۆمەی هەرێمی کوردستانی عێراق کردی بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراق هەڵبوەشێندرێتەوە نەک سڕ بکرێت.

ئەم ڕاگەیاندنەی حەیدەر عەبادی وەک وەڵامێکە بۆ پێشنیازەکەی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ سڕ کردنی ڕیفراندۆم و ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم وەک هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی نێوان بەغدا و هەولێر.

دکتۆر ئه‌رده‌ڵان نورەدین
دکتۆر ئه‌رده‌ڵان نورەدین

ڕۆژی چوارشەممە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشنیازی ئاگربەستێکی دەستبەجێی و سڕکردنی ڕیفراندۆم و دەستکردن بە دیالۆگی کراوەی کرد لەسەر بنچینەی دەستوری عێراق.

بەغدا هەمیشە هەوڵی کوردی بۆ ڕیفراندۆم بە نایاسایی داناوە و لە هەفتەی ڕابردووشەوە زۆربەی هێزە ئاسایشییەکانی عێراقی بەکارهێناوە لەم قەیرانەدا و دەستیان گرتووە بەسەر شاری کەرکوکدا و زۆر ناوچەی تریش کە بە ناوچە دابڕێندراوەکان دادەنرێن.

میوانەکانی بەرنامە:

زانا ڕۆستایی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی کۆمەڵی ئیسلامی.

دکتۆر ئەردەڵان نورەدین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان.

هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە چوارچێوەی شەڕی داعشدا ئەو ناوچانەی داعش داگیری کردبوون ڕزگاریک کردن، وەک ئەو کاتە دەگوترا بە ڕێککەوتن بووە لەگەڵ بەغدا و هێزی پێشمەرگەش ناکشێتەوە.

زانا ڕۆستایی
زانا ڕۆستایی

نکوڵی ناکرێت لەوەی ڕەوشەکە ئاڵۆزە و هەروادێ گرێکوێرەکانی سیاسەت بەرامبەر بە کورد ئاڵۆز و ئاڵۆزتریش دەبن. کۆماری تورکیا و کۆماری ئیسلامی ئێران بوونەتە بەشێکی دانەبڕاو لەم ڕووداوانە و هەردوولاشیان بێ هیچ چەندوچوونێک پشتیوانییەکی زۆریان بۆ حکومەتی عێراق دەربڕیووە.

پشتیوانییەکانی تاران و ئانکەرە بۆ بەغدا بۆ کورد لە عێراقدا بە مانای بەرتەسک کردنەوەی ئەو ڕووبەرەیە کە کورد لە عێراقدا دەخوازێت بوونی خۆیی تیادا بسەلمێنێت.

ئایا کات گونجاو بوو بۆ پێشنیازکردنی ئاگربەست و سڕکردنی ڕیفراندۆم و دەستکردن بە دیالۆگی کراوە؟

ئایا ڕەتکردنەوەی پێشنیازی کورد لە لایەن بەغداوە بڕیارێکی عێراقییە یان تاران و ئانکەرەش بەشدارییان تیادا هەیە؟

ئایا ئەم ڕەتکردنەوەیەی بەغدا بۆ پێشنیازەکانی کورد وەها دەکات کورد پێشنیازی تر بخاتە ڕوو بەو شێوەیەی بەغدا دەیخوازێت؟

ئایا لە بەغدا کەس یان لایەنێک هەیە تەنانەت ئەگەر لە پرۆسەی سیاسی عێراقیشدا بەشدار نەبێت پشتیوانی لە هەڵوێستەکانی کورد بکات لە عێراقدا؟

بۆچی کورد هەمیشە بڕیارەکانی درەنگ وەختن و هەنگاوێک یان دووان لە دواوەن؟

وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسیاری تریش لە دەقی بەرنامەی تایبەتی "لەگەڵ ڕووداوەکاندا"یە:

XS
SM
MD
LG