Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: بەرەنجامەکانی ڕیفراندۆم لەسەر هەڵبژاردنە گشتییەکەی هەرێمی کوردستان

  • Balen Salih

دوابەدوای ڕیفراندۆمەکەی بۆ سەربەخۆیی کرا ڕۆژی 25 ی مانگی نۆی ڕابردوو لە هەرێمی کوردستانی عێراق، پرسیارگەلێکی زۆر هاتوونەتە ئاراوە.

لەو پرسیارە سەرەکییانەی دەکرێن ئایا بەرەنجامەکان چی دەبن و چۆن دەبن و ڕەوشی هەرێمی کوردستان بە چ ئاڕاستەیەکدا دەڕوات؟
ئەنجومەنی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان-عێراق کە دواتر ناوەکەی خۆی گۆڕی بۆ "ئەنجومەنی باڵای سیاسی کوردستان" لە دواترین ڕاگەیاندنیدا پاش کۆبوونەوەکەی ڕۆژی چوارشەممەی بڵاوی کردەوە دەڵێت "كۆبوونەوەكە، پابەندی ئیرادەی گەلی كوردستانە كە لەڕێگەی بەشداربوون و دەنگدان لە ڕیفراندۆمی 25ـی ئەیلوولی 2017 بە ئازادانە دەریبڕیوە. هەروەها جێبەجێكردنی ئەنجامەكانی ڕیفراندۆم لەڕووی زەمەنییەوە بەندە بە دیالۆگێكی بنیاتنەر و لێپرسراوانە. بۆیە كۆبوونەوە، ئامادەیی دەربڕی بۆ دەستپێكردنی دیالۆگێكی كراوە لەگەڵ بەغدا بە بێ پێشمەرج و بە بێ سزادان و ئابڵۆقە و، هەروەها ڕەخساندنی كاتی پێویست بۆ سەرخستنی."

هەر لەو ڕاگەیاندنەدا داواش لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کراوە "كۆبوونەوەكە بە ڕای گشتیی جیهانی و هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی ڕادەگەیەنێت كە گەلی كوردستان ڕووبەڕووی ئابڵوقە و سزادانی بە كۆمەڵ و هەڕەشەی بەكارهێنانی هێز كراوەتەوە و ئەوە بارودۆخی مرۆیی و ژیانی خەڵك و ئاوارەكان لە عێراق و كوردستان دەباتە قۆناغێكی مەترسیدار و داوا دەكات سنوورێك بۆ ئەم هەڕەشە و ئابڵوقە و سزادانی بەكۆمەڵە دابنرێت."

لە ڕۆژەکان و هەفتەکانی پێش ڕیفراندۆمدا کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بە زلهێزەکانیشەوە داوایان لە دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی کەردستانی عێراق دەکرد تا هەر هیچ نەبێت پرسی ڕیفراندۆم دوابخرێت، بەڵام سەرکردایەتی سیاسی کورد سور بوو لەسەر کردنی ڕیفراندۆم.

میوانەکانی بەرنامە:

هونەر حاجی جاسم، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان

ئەیوب عەبدوڵا، سەرۆکی کۆمیتەی ئاسایشی ناوخۆ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.

هاوکاتی ئەو کۆبوونەوەیەی دوێنێ چوارشەممەی ئەنجومەنی باڵای سیاسی کوردستان، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا نوسیویە پەیامی مەترسیدار گەیشتۆتە ئەو ئەنجومەنە سەبارەت بەوەی هێزە شیعەکانی حەشدی شەعبی و هەروەهاش پۆلیسی فێدراڵی لە خۆ ئامادەکردندان بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان لە باشور و ڕۆژئاوای شاری کەرکوکەوە و لە باکوری شاری موسڵیشەوە.

چەند کاتژمێرێک دوابەدوای پۆستکردنی ئەو تویتە، دەمڕاستی ئۆفیسی سەرەک وەزیری عێراق نکوڵی لەو جۆرە هەواڵە کردووە و وتوویەتی هەرگیز عێراق بەرنامەی شتێکی لەو بابەتەی نییە.

حەیدەر عەبادی سەرەک وەزیری عێراق ئەمڕۆ پێنجشەمە جارێکی تریش جەختی کردۆتەوە لەوەی وەک دەڵێت " ئێمە سوپا دژی گەلی خۆمان بەکارناھێنین و شەڕیش دژی ھاوڵاتی کورد ناکەین." بەڵام دەشڵێت "ئەرکمانە یەکگرتویی وڵات بپارێزین، و جێبەجێکردنی دەستوور، و پاراستنی ھاوڵاتیان و سامانی نیشتیمانی بپارێزین."

هێزەکانی حەشدی شەعبی لەژێر فەرمانڕەوایەتی و سەرکردایەتی حکومەتی عێراقدا نین و سەرکردایەتییەکی تایبەت بە خۆیان هەیە وەک هێزیکی میلیشیایی.

لەم هەلومەرجەی هەرێمی کوردستاندا بڕیارە ڕۆژی یەکی ئەم مانگی یازدەیە هەڵبژاردنی گشتی بکرێت بۆ پەرلەمان و بۆ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیش.

قسەکردن لەسەر ئەم هەڵبژاردنە زۆرن بە تایبەتیشلەسەر دواخستنی هەڵبژاردنەکان و باس لە سیناریۆی جۆراوجۆر دەکرێت.

هەندێک لە لایەنە سیاسییەکان پێیان باش نییە هەڵبژرادن لەو وادە دیاریکراوەدا بکرێت بەهۆی ڕەوشی ناوخۆیی خۆیانەوە.

هەندێکی تریش ڕەوشی هەرێم دەکەنە بیانوو، لە کاتێکدا بەشێکی تری لایەنەکان پێیان وایە کردنی هەڵبژاردن وەک لە نەکردنی باشترە.

باس و خواس زۆر هەبوون لەسەر ئەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و هەروەها یەکگرتووی ئیسلامیش نایانەوێت هەڵبژاردن لەو وادەیەدا بکرێت بەهۆی ڕەوشی ناوخۆییانەوە.

ئەنجومەنی باڵای سیاسی کوردستان داوای "دیالۆگی کراوە" دەکات لەگەڵ بەغدادا، ئایا دیالۆگی کراوە چی دەگرێتەوە؟

ئایا هەرێمی کوردستانی عێراق لەژێر هەڕەشەی هێرشی عێراقیەکاندایە؟

ئایا ئەم ڕەوشەی لەپاش ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان هاتۆتە ئاراوە دەبێتە مایەی دواخستنی هەڵبژاردن؟

کێ بڕیار لە دواخستنی هەڵبژاردن دەدات، ئەنجومەنی باڵای سیاسی کوردستان یان پەرلەمانی هەرێمی کوردستان؟

ئایا ئەگەر هەڵبژاردن کرا گۆڕانکاری بە دوای خۆیدا دێنێت؟

وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرس و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش لە دەقی بەرنامەی ئەم هەفتەیەی "لەگەڵ ڕووداوەکاندا" یە:

XS
SM
MD
LG