Accessibility links

ئێران هەڕەشە لە ئەمەریکا دەکات دژ بە دەستنیشان کردنی سوپای پاسداران وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆرستی


ئێران هۆشداری دەدات بە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە دژی دەستنیشان کردنی سوپای پاسدارانی بە گروپێکی تیرۆرستی و دەڵێت بنکە لەشکرییەکانی ئەمەریکا لە هەرێمەکە دەکەونە مەترسییەوە ئەگەر سزای زیاتر پەسەند بکرێت.

ئەم هۆشدارییە پاش ڕاگەیاندنەکەی ڕۆژی هەینی کۆشکی سپی دێت کە سەرۆک دانۆڵد ترامپ وەڵامی نوێی ئەمەریکا بۆ تاقیکردنەوە موشەکییەکانی ئێران، پشتیوانی لە تیرۆرسم و ئۆپەراسیۆنە کۆمپوتەرییەکانی ڕادەگەیەنێت وەکو بەشێک لە ستراتیژیەتی خۆی لەمەڕ ئێران.

ئاژانسی دەنگوباسی دەوڵەتی ئیران ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە سەرکردەی سوپای پاسداران محەمەد عەلی جەعفەری گوتویەتی " هەر وەکو چۆن لە ڕابردوودا ڕامان گەیاندووە ئەگەر سزای نوێی ئەمەریکا دژ بە ئێران پەسەند بکرێت ئەوا دەبێت ئەو وڵاتە بنکە سەربازییەکانی لە هەرێمەکە بە دوو هەزار کیلۆمەتر دووربکاتەوە لە مەودای موشکەکانی ئێران".

جەعفەری گوتوشیەتی سزای زیاتر دژ بە ئێران کۆتایی بە دەرفەتی وتووێژکردنی ئێران لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەهێنێت و دەبێتە دەستپێکێکی هۆشداری بۆ سەربازانی ئەمەریکا.

جەعفەری دەشڵێت " ئەگەر ئەو هەواڵە ڕاست بێت لەسەر گەمژەیی حکومەتی ئەمەریکا کە بیر لەوە بکاتەوە سوپای پاسداران وەکو گروپێکی تیرۆرستی دەستنیشان بکات ئەوکاتە سوپای پاسدارانیش وەکو داعش دەڕوانێتە هێزەکانی ئەمەریکا لە سەرانسەری جیهاندا بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست."

سوپای پاسدارانی ئێران بەهێزترین هێزی ئاسایشی ناوخۆو دەرەوەن لە ئێراندا. هێزی قودسیش هێزێکی دەرەوەیی و نیمچە لەشکری سەر بە سوپای پاسدارانە کە لە لەلایەن ئەمەریکا بە ڕێکخراوێکی تیرۆرستی لە قەڵەم دەدرێت.

XS
SM
MD
LG