ئاژانسی دەنگ و باسی نیمچە فەرمی ئیسنا ڕاپۆرتی داوە کە هێزە چەکدارەکانی عێراق و ئێران مانۆڕێکی هاوبەشی لەشکرییان کردووە لە سەر سنوری هەرێمی کوردستانی عێراق.
میدیای ئێرانی لە زاری ژەنەراڵ موحەمەد پاکپور سەرکردەی هێزە زەمینیەکانی پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیەوە دەڵێت عێراق و ئێران دوژمنی هاوبەشیان هەیە و دەشیانەوێت لە ڕەوشی ئاسایشیی سنورەکانیان دڵنیابنەوە و پارێزراویش بن لەهەر مەترسییەک.
ئێران لە ئێستادا سنورەکانی داخستووە و گەشتە ئاسمانییەکانیشی ڕاگرتووە بۆ فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان.
ئەم هەنگاوانەی ئێران دوابەدوای ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستانی عێراق بوون بۆ سەربەخۆیی.
بەر لە ڕیفراندۆمەکەش لەشکری ئێران و پاسدارانیش لە باکوری ڕۆژئاوای وڵاتەکە واتە لە ناوچە کوردنشینەکەی ئێراندا دەستی کرد بە مانۆڕی لەشکری و بەردەوامیشە و بەرەو قۆناغی سێهەمی دەڕوات.