Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا : ڕیفراندۆمەکەی کەتەلۆنیا نا یاساییە


کۆمیسیۆنی ئەوروپا دەڵێت ڕیفراندۆمەکەی ڕۆژی یەکشەممە کرا بۆ سەربەخۆیی لە کەتەلۆنیا، یاسایی نەبووە و هەروەها داواشی لە حکومەتی ئیسپانیا کردووە تا دەست بە دیالۆگ بکات.

دەمڕاستێکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا کە باڵی جێبەجێکاری 28 وڵاتەکەی یەکێتی ئەوروپا دەڵێت هەرگیز توندوتیژی نابێتە میکانیزمێک لە سیاسەتدا.

لە تویتێکدا کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا دەڵێت ئێستا کاتی یەکگرتوویی و سەقامگیرییە.

کاربەدەستان لە کەتەلۆنیا دەڵێن نزیکەی نۆسەد کەس بریندارن بەهۆی هەوڵەکانی پۆلیسی ئیسپانیاییەوە بۆ ڕێگەگرتن لە بەشداربوونی دەنگدەران لە ڕیفراندۆمەکەدا.

حکومەتی کەتەلۆنیا دەڵێت ئەنجامە بەراییەکانی ڕیفراندۆمەکەی ڕۆژی یەکشەممە وەها نیشانی دەدات لە سەدا نەوەتی دەنگدەران دەخوازن هەرێمەکەیان لە ئیسپانیا جیا ببێتەوە و سەربەخۆ ببێت.

دەمڕاستی حکومەتی کەتەلۆنیا ئەمڕۆ دووشەممە ئاشکرای کردووە زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لە سەرجەم دوو ملیۆن و دووسەد و شەست هەزار دەنگدەر، دەنگیان بە سەربەخۆیی داوە و دەشڵێت نزیکەی لە سەدا هەشتی دەنگدەران سەربەخۆییان ڕەتکردۆتەوە و کارتەکانی تری دەنگدانیش بە سپێتی خراونەتە ناو سندوقەکانەوە.

سەرچاوەکان ئاماژە دەکەن بەوەی نزیکەی لە سەدا 42 ی ئەو پێنج ملیۆن و سێ سەد هەزارەی مافی دەنگدانیان هەبووە بەشدارییان لە ڕیفراندۆمەکەدا کردووە.

سەرۆکی هەرێمی کەتەلۆنیا جەختی کردۆتەوە لەوەی تاک لایە سەربەخۆیی ڕادەگەیەنێت ئەگەر دەنگی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە ئیسپانیا زیاتر بێت.

XS
SM
MD
LG