Accessibility links

هەرێمی کوردستانی عێراق ڕیفراندۆمی خۆی کرد و بەپێی ئەنجامە بەراییەکان دەنگی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراق زیاترە لە دەنگی نەخێر.

ئەم ریفراندۆمە لە نێوەندی قەیرانێکی قوڵی سیاسی هەرێمەکەدا کراوە کە وەک زۆرێک لە شیکەرەوە باسی دەکەن کاریگەری هەبووە بەسەر تەواوی پرۆسەکەوە و هەروەهاش دابەشبوونی کۆمەڵگە و کاردانەوەکانیش لەسەر ئەم ڕیفراندۆمە وەک دەرهاوێشتەیەکی ئەو ئاڵۆزیە سیاسیانە لێی دەڕوانرێت.

لە کاتێکدا دەسەڵاتی سیاسی کوردی لە هەرێمی کوردستان لە سەرەتاکانی خۆ ئامادەکردندا بۆ ریفراندۆم ئاماژەی بەوە دەکرد کە دەیان وڵات لە جیهاندا بە زلهێزەکانیشەوە پشتیوانی لەم هەوڵە دەکەن بۆ سەربەخۆیی، بەڵام هیچ وڵاتێک بێجگە لە ئیسرائیل پشتیوانی لە ڕیفراندۆم نەکرد.

هەر بۆیە یەکێک لە پرسیارە سەرەکییەکان ئەوەیە ئەی دەسەڵاتدارانی سیاسی هەرێمی کوردستان پشت بەچی و بە چ متمانەیەک ئەم ڕیفراندۆمەیان کرد؟ لە کاتێکدا وڵاتانی ناوچەکە هەڕەشەی قورس دەکەن وەک سەپاندنی گەمارۆ بەسەر هەرێمدا و بە دوور نەزانینی بەکارهێنانی بژارەکانی تری وەک لەشکری بەپێی لێدوانەکانیان.

میوانەکانی مێزگرد:

ڕێزان حەمە ڕەشید، ئەندامی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان.

دکتۆر ئەمین فەرەج، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین.

کارۆخ خۆشناو، پسپۆڕی سیاسی.

بەهرۆز جەعفەر، پسپۆڕی سیاسی.

ئایا لێرەدا دیپلۆماسییەتی کوردی لاواز بووە لە ماوەی 25 ساڵی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان کە کورد خۆی فەرمانڕەوای خۆی بووە، یاخود هێشتا کورد نەبۆتە فاکتەرێک لە ناوچەکەدا و وڵاتەکان وەک بەشێکی سەرەکی لە هاوکێشەکانی ئاڵوگۆڕە سیاسیەکاندا بیبینن.

ئەمە دووهەمین ڕیفراندۆمە لە ماوەی 12 ساڵی ڕابردوودا کورد لە عێراق بیکات. لە ڕیفراندۆمەکەی ساڵی 2005 دا ڕێژەی دەنگ بۆ سەربەخۆیی گەیشتە لە سەدا نەوەت و هەشت و لە دەدا هەشت، ئەگەرچی هێشتا ئەنجامە فەرمییەکان ئاشکرا نەکراون، بەڵام چاودێر دەڵێن پێیان وەها نییە ئەمجارەیان ئەو ڕێژەی دەنگە بەدەستبهێنرێتەوە.

لە کاتێکدا سەرکردایەتی سیاسی کورد لە عێراق جەخت دەکاتەوە کە وتووێژ لەگەڵ بەغدادا دەکات پاش تەواوبوونی پرۆسەی ڕیفراندۆمەکە، بەڵام بەغدا هەموو جۆرە دانوستاندن و وتووێژێک لەگەڵ هەرێمدا ڕەتدەکاتەوە ئەگەر لەسەر ڕیفراندۆم و ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم بێت.

ئایا لەپاش ئەم ڕیفراندۆمە دەرفەتێک بۆ دیالۆگ لەگەڵ بەغدادا ماوەتەوە؟

ئایا پەیامی ئەم ڕیفراندۆمە گەیشتە وڵاتانی جیهان؟

ئایا هەنگاوەکان لە پاش ڕیفراندۆم بە چ ئاڕاستەیەکدا دەبن؟

ئایا کورد چۆن دەتوانێت ببێتە خاوەنی پێگەی خۆی لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا؟

وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسیاری تریش لە دەقی مێزگردەکەدایە:

XS
SM
MD
LG