لە میانەی سەردانەکەی ئەم هەفتەیەیاندا بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ سەرۆک وەزیری عێراق حەیدەر ئەلعەبادیدا کۆدەبێتەوە بۆ تاووتوێکردنی نیگەرانییەکانیان لەسەر ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی عێڕاق.
تورکیا، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی زلهێزی ڕۆژئاوایی داوایان لە هەرێمی کوردستان کردووە ڕیفرانۆمەکە هەڵبوەشێننەوە، چونکە نیگەرانی ئەوەیان هەیە ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر ڕەنگە سەرنج لەسەر شەڕی داعش لە عێراق و سوریا لابدات.
تورکیا مەترسی ئەوەشی هەیە دەنگی بەڵێ کوردەکانی توکیاش بۆ جیابوونەوە هان بدات، کە پەکەکە دەیان ساڵە لە پێناو ئەوە خەبات دەکات.
سەرەڕای داواکارییەکان و نیگەرانیەکان، ڕێبەری کوردەکان مەسعود بارزانی ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند ڕیفراندۆمەکە هەروەکو چۆن پلانی بۆ دانراوە لە 25 ی مانگی نۆ بەڕێوە دەچێت.
بەرلە دەرچوونی بۆ نیویۆرک بە مەبەستی بەشداری کردن لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەردۆگان ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند ئانکەرەو بەغدا بۆچوونی هاوبەشیان هەیە لەسەر ئەو ڕیفراندۆمە.
ئەردۆغان گوتی " ئێمە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەگەڵ بەڕێز عەبادی کۆدەبینەوە و ئێمە یەک ئامانجمان هەیە. ئامانجی ئێمە ئەوەیە عێراق دابەش نەبێت." ئەردۆغان پێشتریش ڕایگەیاندبوو کە بڕیاری بارزانی بۆ دووانەخستنی ڕیفراندۆمەکە زۆر هەڵە بوو.
شەوی شەممە سەرۆک وەزیری تورکیا بینئالی یەلدەرەلم ڕایگەیاند " ڕێفراندۆمی باکوری عێراق مەسەلەیەکی ئاسایشی نیشتمانییە و تورکیا هەمو هەنگاوێکی پێویست دەنێت.
لە کاتێکدا بارزانی سورە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، ئەردۆگان دەڵێت حکومەتی تورکیا کۆبونەوەکانی ئاسایشی نیشتمانی و کابینەت پێشدەخات بۆ 22 ی مانگی 9 و لەوێدا تورکای بە فەرمی هەڵوێستی خۆی لەسەر پاش ڕیفراندۆمەکە ڕادەگەیەنێت.
ئەمانش سەڕەڕای ئەوەی تورکیا پەیوەندیەکی باشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی بارزانیدا دروست کردووە لەسەر بنچینەی پەیوەندی ئابوری بەهێز هەروەها ئانکەرە و هەولێر گومانیان لە گروپە کوردەکانی تر و حکومەتی ناوەندی عێراقیش هەیە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانی بارزانییەوە بەڕێوەدەچێت، ڕۆژانە سەدان هەزار بەرمیلە نەوت بە ڕێگای تورکیا ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکات.
سەرۆکی عێراق فوئاد مەعسوم ڕۆژی یەکشممە داوای لە سیاسەتمەدارە باڵاکانی وڵاتەکە کرد کە دەست بکەن بە وتووێژی دەستبەجێ بۆ چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکیانەی بههۆی بەرنامەکانی ڕیفراندۆمەوە هاتۆتە ئاراوە.