Accessibility links

هۆڵەندا ڕەگەزنامە لە چوار کەسی توندڕەو دەسەنێتەوە


flag netherland
flag netherland

وەزیری دادی هۆڵەندا دەڵێت بەپـێی یاسای نوێی دژە تێرۆر ڕەگەزنامەی وڵاتەکەیان لە 4 کەسی توندڕەوی ئیسلامی سەندووەتەوە کە چوون بۆ سوریا بە مەبەستی شەڕکردن بۆ داعش و گروپە توندڕەوەکانی دیکە.

ستیف لۆک ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیاندنێـکدا ئەمەی ئاشکراکرد و گوتی ئەو چوارە چیتر هۆڵەندی نین و کەسانێـکی بیانین کە ناتوانن بێن بۆ هۆڵەندا و هەر وڵاتێـکی دیکەی شێنگێن، واتە ئەو وڵاتانەی ئەوروپا کە هاتوچۆکردن لە نێوانیاندا پـێویستی بە پاسپـۆرت نیـیە.

چاوەڕوان‌دەکرێت دادوەر بڕیارەکە پەسەند بکات تاوەکو بچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

هەرچەندە وەزیرەکە ناوی ئەو توندڕەوانەی ئاشکرا نەکرد، بەڵام میدیاکانی ناو هۆڵەندا ناویانیانی ڕایانگەیاند (ئیدریس ب ، نورەدین ب ، ئەنیس ز، حاتم ر). پـێشتر دادگا بەبێ ئامادەبوونیان حوکمی 6 ساڵ زیندانی بۆ دەرکردبوون.

لە ئێستادا شوێنیان زانراو نیـیە. ئاژانسی دەنگ‌وباسی ANP ی هۆڵەندا دەڵێت پـێدەچێت ئیدریس ب لە ژیاندا نەمابێت.

پەرلەمانی هۆڵەندا لە مانگی سێ یاسایەکی پەسەندکرد کە دەسەڵات بە حکومەت دەدات ڕەگەزنامە لە هەر کەسێـک بسەندێێتەوە کە ڕەگەزنامەی وڵاتێکی دیکەی هەبێت، تەنانەت ئەگەر تاوانیشی نەکردبێت.

مەزەندەدەکرێت لەوەتای ساڵی 2011 وە نزیکەی 280 کەسی هەڵگری ڕەگەزنامەی هۆڵەندی چوون بۆ عێراق و سوریا بۆ پەیوەندیکردن بە گروپە توندڕەوەکانەوە.

XS
SM
MD
LG