Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: هەڵبژاردن و ڕیفراندۆم و دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان

  • Balen Salih

هەرێمی کوردستانی عێراق بڕیاری داوە ڕۆژی یەکی مانگی یازدەی ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت بۆ پەرلەمانی هەرێم و هەروەهاش بۆ پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان.

بەپێی نوسراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ڕۆژی 12 ی مانگی حەوتی ڕابردوودا بە فەرمی ڕۆژی هەڵبژاردن دیاریکراوە وەک لە نوسراوەکەدا هاتووە بەپێی یاسای سەرۆکایەتی کە لە ساڵی 2005 دا پەرلەمانی هەرێم پەسەندی کردووە، ئەو بڕیارە دراوە.

دواترین هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی هەرێم لە ساڵی 2013 بووە، بەڵام هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ساڵی 2009 وە نەکراوە کە مەسعود بارزانی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

بارزانی لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانی هەولێریدا کە تایبەت بوو بە ڕیفراندۆم جەختی کردەوە لەوەی بۆ ئەو هەڵبژاردنەی مانگی یازدەی سەرۆکایەتی خۆی کاندید ناکاتەوە.
هەرچەندە لە ساڵی 2013 دا وادەی پۆستی سەرۆکی هەرێم تەواو بوو بەڵام دوو جار وادەی ئەو پۆستەی بۆ درێژکراوەتەوە، یەکەم جاریان لە دانیشتنێکی مشتومڕ لەسەری ناو پەرلەمانی هەرێمدا بوو.

میوانی بەرنامە:

دکتۆر مارف عومەر گوڵ، پسپۆڕی یاسایی لە زانکۆی سلێمانی

هەڵبژاردنەکان دەکەونە پاش دەنگدانی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان لەو ڕیفراندۆمەی بڕیارە ڕۆژی 25 ی ئەم مانگی نۆیە بکرێت بۆ جیابوونەوە لە عێراق.
هەڵبژاردن و ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستانیش لە نێوەندی قەیرانێکی ئاڵۆزی سیاسی و دارایی هەرێمدایە و ئەو قەیرانە سیاسیانەش بوونە هۆکاری پەکخستنی پەرلەمانی هەرێم، وە لەگەڵ نزیک بوونەوەی وادەی ڕیفراندۆم و هەڵبژاردنەکانیش هێشتا ڕەوشی پەرلەمان ئاسایی نەکراوەتەوە یان کارا نەکراوەتەوە ئەگەرچی لایەنەکانی بەردەوام کۆبوونەوەی لەسەر دەکەن.

قەیرانە سیاسییەکانی هەرێم وێڕای ئاستی ئاڵۆزییان وەک زۆرێک لە چاودێر دەڵێن گرفتی بێ متمانەیی نێوان لایەنەکانی قوڵتر کردۆتەوە کە پێناچێت هەروا بە زوویی ئەو متمانەیە دروست ببێتەوە و هەر بۆیەشە کۆبوونەوەکان ئەنجامێکی بەرچاو یان یەکلاکەرەوەیان بە دووادا نەهاتووە.

لە هەرێمی کوردستاندا وەک شیکەرەوە ئاماژەیان پێکردووە و هەندێکیش لە لایەنە سیاسییەکان جەختی لێدەکەنەوە، قەیرانی دیموکراسیش بوونی هەیە لەو سۆنگەیەوەی هێشتا دامەزراو و پرەنسیپە دیموکراسییەکان لە ڕەوشێکی لاوازی لەرزۆکدان و ئەمەش وەهای کردووە تۆمارەکانی مافەکانی مرۆڤ و مافە سیڤیلیەکانی هاوڵاتیان و ئازادییەکان بکەونە ژێر باری پرسیاری ڕژدەوە.

لە بەرامبەریشدا ڕایەکی تر هەیە پێدادەگرێت لەسەر ئەوەی چارەسەری ئەو هەموو کێشانە بەستراونەتەوە بە هەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆ، هەروەها ڕایەکە وەهایە کە بڕیاری خەڵک لە ڕۆژی ڕیفراندۆمدا بۆ سەربەخۆیی دەروازەکان بۆ چارەسەری قەیرانەکان بە قەیرانی داراییەوە دەکاتەوە، وە گوتاری ئەم جۆرە ڕوانینەش جەختکردنەوەیە لەوەی کۆی ئەم قەیران و کێشە و گرفتانە بەرەنجامی نەبوونی دەوڵەتە نەک هۆکاری تر.

ئایا هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان لەو وادەیەی دیارکراوە دەکرێت؟

ئایا هەموو لایەنەکان وەکو یەک دەیانەوێت هەڵبژارنی پەرلەمان و پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم بکرێت؟

بۆچی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم لە پاش دەنگدان بۆ ڕیفراندۆم دەکرێت؟

ئایا هەڵبژاردنەکان بۆ پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم دەبنە مایەی چارەسەرکردنی قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان؟

دکتۆر مارف عومەر گوڵ، پسپۆڕی یاسایی لە زانکۆی سلێمانی لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی "لەگەڵ ڕووداوەکاندا" وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:


XS
SM
MD
LG