Accessibility links

بۆمبەکەی کۆریای باکوور کاردانەوەی جیهانی لێدەکەوێتەوە


تاقیکردنەوە ناوەکییەکەی کۆریای باکوور بووە هۆی ئەوەی کاردانەوەی جیهانی لێبکەوێتەوە و جیهان سەرکۆنەی ئەو کارەیان کرد و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی جیهان داوایان کرد سزای نوێی زیاتر بسەپێنن بەسەر کۆریای باکووردا و سەرۆکی ئەمەریکاش دانۆڵد ترامپ وتی ‌هێمنکردنەوە هیچ سوودێکی نیە.

ئەو تەقینەوەیەی کۆریای باکوور ئەنجامیدا و وتی بۆمبی هایدرۆجینیی گەشەسەندوو بووە دوای چەند ڕۆژێک بوو لە هەڵدانی موشەکێک بەسەر ژاپۆندا و هەروەها دوای ماوەیەکی کەم بوو لە پەیوەندیە تەلەفونیەکەی نێوان سەرۆک وەزیری ژاپۆن شینزۆ ئابی و سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ.

سەرۆک ترامپ دوای تاقیکردنەوە موشەکییەکەی هەفتەی ڕابردووی کۆریای باکوور وتی گفتوگۆکردن لەگەڵ پیۆنگیانگدا چارەسەر نیە و ئێستاش دوای نوێترین تاقیکردنەوەی ناوەکی کۆریای باکوور لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیوویەتی " تاقیکردنەوەکەی ڕۆژی یەکشەممە دەریدەخات کە قسەکان و کارەکانی کۆریای باکوور هێشتا دوژمنانەییە و مەترسیدارە لەسەر ئەمەریکا."

وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا ستیڤن منوچن وتی کار لەسەر دانانی سزای نوێ دەکات کە هەموو ڕێگەکانی بازرگانی جیهانی لەگەڵ کۆریای باکووردا ببڕێت.

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ و سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن وتیان پلان دادەنێن بۆ توندکردنەوەی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ سەر کۆریای باکوور.

حکومەتی ئەڵمانیا لە بەیاننامەیەکدا دوای پەیوەندییە تەلەفونیەکەی مێرکڵ و ماکرۆن ڕایگەیاند " ئەم ڕەفتارە وروژێنکەرە نوێیەی فەرمانڕەوای پیۆنگیانگ ئاڕاستەیەکی نوێی وەرگرت."

وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیاش بۆریس جۆنسن تاقیکردنەوە ناوەکیەکەی بە کارێکی سەرشێتانە و وروژێنەر ناودێرکرد.

بۆریس جۆنسن بە سکای نیوزی وت " وادیارە ئەوان نزیک دەبنەوە لە دروستکردنی بۆمبی هایدرۆجینی و ئەگەر هاتوو لەسەر موشەکێک ببەسترێت و لە تاقیکردنەوەدا سەرکەوتوو بێت ئەوا سیستمێکی نوێی هەڕەشە دەبێت." وتیشی چارەسەری سەربازیی بۆ بابەتەکە بوونی نیە.

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی وتی پێویستە لەسەر ئەنجومەنی نێودەوڵەتی ڕێوشوێنی نوێ بگرێتە بەر.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیاش ڕایگەیاند " لەم کاتەدا زۆر گرنگە هێمنی بپارێزرێت و هەموو لایەنەکان خۆیان بەدوور بگرن لە هەر کارێک کە ببێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان."

دواتریش دەزگای هەواڵی چین شینخوا وتی سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن لە چین چاوی بە سەرۆکی چین شی جین پینگ کەوتووە و ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی بەشێوەیەکی گونجاو مامەڵە لەگەڵ ڕەوشەکەدا بکەن.

دەزگاکە وتی " دوو سەرۆکەکە ڕێکەوتوون لەسەر پابەندبوون بە نەهێشتنی چەکی ناوەکیی لە نیمچە دوورگەی کۆریا و پاراستنی پەیوەندییەکان و هەماهەنگییەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ڕەوشە نوێیەکەدا."

لەماوەی ڕابردوودا چین داوای لە کۆریای باکوور کرد واز لە کارە هەڵەکانی بهێنێت و وتیشی کە هەموو بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تایبەت بە کۆریای باکوور جێبەجێ دەکات.

هەروەها سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش سەرکۆنەی تاقیکردنەوەکەی کۆریای باکووری کرد و وتی باری ئاسایشی ناوچەکە تێکدەدات و داوای لە سەرکردایەتی پیۆنگیانگ کرد واز لەم جۆرە ڕەفتارانە بهێنن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG