Accessibility links

هێزەکانی سوریای دیموکرات ناوچەیەکی دیکەی شاری ڕەققە ڕزگاردەکەن


هێزەکانی سوریای دیموکرات بە پاڵپشتی هێزی تایبەتی ئەمەریکا و بۆردومانی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان توانیان ناوچەیەکی دیکەی شاری ڕەققە لە داعش ڕزگاربکەن.

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە هێزەکانی سوریای دیموکرات توانیان ناوچەی ئەلمەنسور لە ڕۆژهەڵاتی شاری ڕەققە بە تەواوی کۆنترۆڵبکەن، ئەمەش پاش چەندان شەڕی قورس کە تیایاندا دەیان چەکداری داعش کوژران.

هاوکات لە بەرەی باشور شەڕی قورس لە هەردوو ناوچەی ئەلدرعیە و ئەلمرور بەردەوامن، بەڵام لە ناوچەی ڕەوزە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی شارەکە و ناوچەی نەهزە لە ڕۆژئاوا شەڕی بچڕبچڕ هەن.

لە لایەکی دیکە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش لە بەیانـنامەیەکدا ئەمڕۆ دووشەممە ڕایانگەیاند لە ماوەی ڕۆژی ڕابردوو 29جار هێرشی ئاسمانیـیان لە نزیک ڕەققە ئەنجامداوە کە تیایاندا 3 بارەگا و 5 ئۆتۆمبیلی داعش کراونەتە ئامانج. دوو لە ئۆتۆمبیلەکان بۆمبڕێژکراوبوون.

هەر سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی ڕەققە، نەورۆز ئەحمەد فەرماندە لە هێزەکانی یەپەژە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەزری گوتووە مەزەندەدەکرێت لە ئێستادا 700 بۆ 1000 چەکداری داعش لە شارەکە مابنەوە. گوتیشی ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 50 هەزار چەکداری داعش لەم شارە هەبوون. گوتوشیەتی مەزەندە دەکات تەواوی شارەکە لە ماوەی دوو مانگی دیکە ڕزگاربکرێت.

XS
SM
MD
LG