Accessibility links

پاپا دژی توندوتیژییەکانە لە وڵاتی میانمار


پاپا فرانسیس ڕەخنە و ناڕەزایی خۆیی دەربڕیوە بەرامبەر سەرکوتکردنی کەمایەتی موسڵمانەکان لە وڵاتی میانمار و نوێژ و نزاشی بۆ کردوون تا تەواوی مافەکانی خۆیانیان هەبێت.

پاپا ئەمڕۆ یەکشەممە گوتوویەتی "هەواڵی ناخۆش هەبوون سەبارەت بە سەرکوتکردنی برا موسڵمانەکانمان لە میانمار."

هەزاران کەس لە کەمایەتی ڕۆهینگیا لە میانمار لە هەوڵی خۆ دەربازکردندان بۆ وڵاتی بەنگلادیش پاش بەرزبوونەوەی ئاستی توندوتیژیەکان لە وڵاتی خۆیاندا.

لە هەفتەی ڕابردوودا میلیشیاکانی ڕۆهینگیا ژمارەیەک هێرشیان کردۆتە سەر بنکەکانی پۆلیس و بنکە سنوریەکانیش و لە بەرامبەریشدا هێزە ئاسایشییەکانی میانمار لێیان هاتوونەتە دەست.

پاپا فرانسیس داوای لە خاوەن بڕوایانی ئاینی کردووە کە لە مەیدانی سانت پیتەر لە ڤاتیکان کۆبووبوونەوە، نزا بکەن لە پەروەردگار تا موسڵمانەکانی میانمار بپارێزێت و یارمەتی و کۆمەکیشیان بە دەست بگات.

لەم ماوەیەی ڕابردوودا قەشەیەکی میانمار باسی لەوە کردبوو کە زۆر پێدەچێت پاپا سەردانی وڵاتەکە بکات، لە دەمێکدا ڤاتیکان ئاماژەی بەوە کردووە تەنها بەڕێوەبردنی مەڕاسیمێکی نوێژ و نزاکردن تاووتوێکراوە.

ئاونگ سان سوکی، ڕێبەری میانمار بە توندی لەسەر ئەو هێرشانەی میلیشیاکانی ڕۆهینگیا دواوە و بە هەوڵێکیش بۆ بنکۆڵکردنی هێنانە ئارای ئاشتی و پێکەوە ژیان لە هەرێمی ڕاخین ناودێری کردووە.

لە ئێستاشدا هەردوو لایەنی شەڕەکانی میانمار یەک ئەوی تریان گوناهبار دەکات بە کوشتنی خەڵکی سیڤیل و سوتاندنی خانوبەرەکان.

سەرچاوەکانی هەواڵ دەڵێن لەوەتای لە هەفتەی ڕابوردووەوە (ڕۆژی پێنجشەممە) کە شەڕەکان دەستیان پێکردووە بەلانی کەم 96 کەس کوژراون.

بە گشتی دانیشتوانی میانمار بودایین و کەمایەتی موسڵمانەکانیش نزیکەی یەک ملیۆن کەس دەبن و لە هەرێمی ڕاخین نیشتەجێن.

XS
SM
MD
LG