Accessibility links

هێشتا بەرلین و عەمان نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن


کاربەدەستێکی شانشینی ئوردون دەڵێت وڵاتەکەی دانوستاندن لەگەڵ ئەڵمانیادا دەکات لەسەر باری یاسایی هێزە سەربازییەکانی ئەڵمانیا بۆ مانەوەیان لە شانشینەکەدا.

ئەم ڕاگەیاندنەش هاوکاتە لەگەڵ ئەو ڕاپۆرتە هەواڵیانەی ئاماژە بە دواکەتنی دانانی سەربازە ئەڵمانیاییەکان دەکەن بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان بەرلین و عەمان لەسەر ئەم دۆسێیە.

گۆڤاری دێر – شپیگڵ ئەمڕۆ یەکشەممە نوسیویە، ئەڵمانیا لە هەوڵی بەدەستهێنانی پەناپارێزیدایە بۆ ئەو 250 سەربازەی بەشێکن لە هاوپەیمانێتی بەسەرکردایەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دژی تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی.

ئەو کاربەدەستەی شانشینی ئوردون کە داوای کردووە ناوی بڵاونەکرێتەوە ئاماژەی بەوەش کردووە دانوستاندنەکان بەپێی ڕێوشوێنە نێونەتەوەییەکانە و هەروەهاش لەسەر بنچینەی سەروسەودا کردنێکی یەکسانانەیە.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا هیچ وەڵامێکی ئەو پەیامانەی نەداوەتەوە کە داوای ڕوونکردنەوە دەکەن لەسەر دانوستاندنەکانی نێوان بەرلین و عەمان.

بڕیاری ئەڵمانیا بۆ ناردنی سەربازەکانی بۆ شانشینی ئوردون دوابەدوای ڕێگەگرتنی ئانکەرە بووە لە یاسادانەرانی ئەڵمانیایی لەوەی سەردانی سەربازەکانی وڵاتەکەیان بکەن لە تورکیا.

XS
SM
MD
LG