Accessibility links

ئاگربەست لە ناوچە سنورییەکانی سوریا و لوبناندا


ئاگربەستێک کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە لەمڕۆ یەکشەممەدا لە ناوچە سنورییەکانی نێوان سوریا و لوبناندا.

ئەم ئاگربەستە بۆتە مایەی ڕاگرتنی ئەو هێرشانەی لەشکری لوبنانلە لایەک و لەشکری سوریا و حیزبوڵای لوبنان لە لایەکی تر دەیانکردنە سەر تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی.

هەر سێ لایەنەکە دەڵێن تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی لە زۆربەی ناوچەکانی سنور وەدەرنراون.

لەشکری لوبنان کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتیوانی دەکات نکوڵی کردووە لەوەی هیچ ڕێکخستنێکی پێشتری هەبووبێت لەگەڵ لەشکری سوریادا و دەشڵێت ئەم ئاگربەستە دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ دانوستاندن لەسەر چارەنوسی ئەو سەربازە لوبنانیانەی لە سێ ساڵ لەمەوبەورەوە تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی دەستگیریان کردوون.

کەناڵی ئەلئەخبارییە ی سوریایی دەڵێت شاندێکی حیزبوڵا گەیشتونەتە سوریا بۆ گێڕانەوەی تەرمی سەربازە لوبنانییەکان.

وەزیری بەرگری لوبنان باسی لەوە کردووە، حزبوڵا دانوستاندن لەسەر چارەنوسی ئەو سەربازە گیراوانە دەکات کە لە ساڵی 2014 وە گیراون واتە ئەو کاتەی تێرۆریستانی ئەلقاعیدە و هەروەهاش دەوڵەتی ئیسلامی دەستیان گرتبوو بەسەر شارۆچکەیەکی لوبانیدا لە نزیک سنورەوە.

ئاژانسی فەرمی سانا لە زاری گەورە کاربەدەستانی لەشکری سوریاوە دەڵێت بەمزووانە تەواوی ناوچە سنورییەکانی نێوان سوریا و لوبنان بە تەواوەتی ئازاددەکرێن.

XS
SM
MD
LG