Accessibility links

هێرشەکان بۆ ئازادکردنی دەوروبەری تەلەعفەر دەستیانپێکردووە


هێزە سەربازییەکانی عێراق کۆنترۆڵی زۆربەی شارۆچکەی تەلەعفەریان کردووە، کە بە یەکێک لە مۆڵگا سەرەکییەکانی تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی دادەنرێت لە باکوری ڕۆژئاوای عێراق.

لە ڕاگەیاندنێکی لەشکری عێراقدا کە ڕۆژی یەکشەممە بڵاو کراوەتەوە ئاماژە بە بەردەوامی شەڕ دەکات لە ناوچەی ئەلعەیازییە لە دەرەوەی شارۆچکەی تەلەعفەر.

هەر لەو ڕاگەیاندنەدا هاتووە هێزە ئاسایشییەکانی وڵاتەکە چاوەڕوانی ئازادکردنی ناوچەکانی دەوروبەری شارۆچکەی تەلەعفەرن تا سەرکەوتن و ئازادکردنیکۆتایی تەلەعفەر ڕابگەیەندرێت.

لەشکری عێراق دەڵیت بە تەواوەتی ناوجەرگەی شارۆچکەی تەلەعفەر ئازادکراوە و وەک لە ڕاگەیاندنەکەدا ئاماژەی پێکراوە ئێستا تەواوی گەڕەکەکانی شارۆچکەکە لەژێردەستی هێزە ئاسایشیە عێراقیەکاندان.

تەلەعفەر دواترین ئامانجی ئەو شەڕەیە کە بە پشتیوانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکرێت دژی جیهادییەکان.

لە هەفتەی ڕابردوودا هێرشەکان بە پشتیوانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستیان پێکرد بۆ ئازادکردنی شارۆچکەی تەلەعفەر، واتە نزیکەی یەک مانگ پاش ڕاگەیاندنی ئازادکردنی شاری موسڵ .

تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی پاش داگیرکردنی چەند بەشێک لە عێراق و لە سوریادا، دەوڵەتی خەلافەتیان ڕاگەیاند، شاری ڕقە لە سوریادا کرایە پایتەختی دیفاکتۆی ئەو دەوڵەتی خەلافەتەی ئەبوبەکر ئەلبە‌غدادی لە مزگەوتی ئەلنوری لە شاری موسڵەوە ڕایگەیاند.

هێشتاش شارۆچکەکانی وەک حەویجە لە پارێزگای کەرکوک و قائیم و ڕاوە و عانە لە پارێزگای ئەنبار لەژێر دەستی تێرۆریستانی داعشدان.

XS
SM
MD
LG