Accessibility links

ئیسپانیا بەیەک خولەک وەستان رێز لە قوربانیانی هێرشە تیرۆرستیەکان دەگرێت


ئەمڕۆ بە هەزاران کەس لە ئیسپانیا لە گۆرەپانی سەرەکی لە شاری بەرسلۆنە یەک خولەک بە بێدەنگی راوەستان بۆ رێزلێنان لە قوربانیانی ئەو دوو هێرشە تیرۆرستیەی بە ئوتومبیل ئەنجامدران و تیایاندا بەلای کەم 14 کەس گیانیان لەدەستدا و پتر لە 100 کەسیش برینداربوون.

لە رێورەسمەکەدا پاشا و سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا بەشداریان کرد ، هاوکات سەرۆک وەزیران ماریانۆ رایۆی سێ رۆژ پرسەی نیشتمانی راگەیاند.

کارەساتەکە دوێنی لە شاری بەرسلۆنە دەستی پێکرد کاتێک ئوتومبیلێکی جۆری ڤان خۆی دەکات بە نێو رێبواراندا لە شەقامی لاس رامبلاس و 13 کەسیدەکوژێت و 100 کەسیش برینداردەکات.

وەزیری نێوخۆی ئیسپانیا گوتی ؛ شۆفێری ڤانەکە هەڵهاتوە و گەڕان بەدوایدا هیشتا هەر بەردەوامە ، گوتیشی هێزەکانی پۆلیسی ئیسپانی دوێنی دوو کەسیان دەستگیرکرد کە یەکێکیان بەرەچەڵەک مەغریبی یە و ئەوی تریان ئیسپانیە ، بەڵام دەست بەجێ ئاشکرا نەبوە کە ئایا ئەو دوو دەستگیرکراوە پەیوەندیان بە هێرشەکەوە چۆن بووە ، کەسی سێهەم ئەمڕۆ لە شارۆچکەی ریپۆل لە کەتەلۆنیا دەستگیر کراوە.

بەچەند کاتژمێرێک دواتر و لە هێرشێکی هاوشیوەدا لە ناوچەی کامبریلس کە هاوێنەهەوارێکە لە باشوری بەرسلۆنە، ئوتومبیلێک خۆی دەکات بە نێو خەلکانی پیادە و هەروەها بەرەو ئوتمبیلێکی پۆلیس دەچێت ، بەڵام پۆلیس لێیان دێنە دەست و هەموو 5 هێرشبەرەکە دەکوژن ، پۆلیس دەشڵیت هەموو کوژراوەکان بۆمبیان لە خۆیان بەستبوو. لەم رووداوەشدا 5 کەسی سیڤیل و پۆلیسێک بریندار بوون.

XS
SM
MD
LG