Accessibility links

سەرۆک کۆماری ئێران ناوی وەزیرانی حکومەتەکەی ڕادەگەیەنێت


سەرۆک کۆماری ئێران وەزیرانی 17 وەزارەتی حکومەتەکەی لە کۆی 18 وەزارەت دەسـتنیشانکرد و لیستی ناوەکانی ڕەوانەی پەرلەمان کرد تاوەکو دەنگیان لەسەر بدەن.

حەسەن ڕوحانی ئەمڕۆ سێشەممە ناوی وەزیرەکانی حکومەتە نوێیەکەی ڕاگەیاند کە تیایدا هیچ گۆڕانکاریـیەکی گەورە بەدی ناکرێت و تاکە وەزیرێـکی ژنیشی تێدا نیـیە. هەروەها ناوی وەزیری خوێندنی باڵای ڕانەگەیاندووە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس دەڵێت ڕوحانی کە لە مانگی پـێنجەوە جارێکی دیکە بە سەرۆک هەڵبژێردرایەوە، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو دووچاری ڕەخنەی زۆر بووەتەوە و بەپـێی هەندێک کاربەدەست ئەم ڕەخنانە وەهایان لێکردووە دەستبەرداری دانانی ژن بێت لە نێو حکومەتەکەیدا و هەروەها پـۆستی زۆر کەمیشی تەرخان کردووە بۆ ئەوانەی بە ڕیفۆرمخوازان ناودێردەکرێن و لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا پشتیوانیان لێکرد. جێی ئاماژەیە لە حکومەتەکەی پـێشووی 3 ژن لە پۆستی جێگری سەرۆکدا بوون.

لەم حکومەتە نوێـیە حسێن دەهقان لە پـۆستی وەزیری بەرگری لادراوە و یاردەدرەکەی جەنەڕاڵ ئەمیر حاتەمی کە لە لەشکرەوە هاتووە نەک لە سوپای پاسدارانەوە شوێنی دەگرێتەوە. هەروەها عەلی تەیب‌نیا لە پـۆستی وەزیری ئابوری نەماوە و جێگرەکەی مەسعود کەرباسیان دەچێتە شوێنەکەی.

بەڵام محەمەد جەواد زەریف لە پـۆستی وەزیری دەرەوە و بیژەن نامدار زەنگەنە لە پـۆستی وەزیری نەوت ماونەتەوە.

بڕیارە لە ماوەی هەفتەیەکدا پەرلەمان دەنگ لەسەر حکومەتەکە بدات و هەر وەزیرێک بە جودا دەنگی لەسەر دەدرێت.

پـێشتر ژمارەیەک لەو پەرلەمانتارانەی بە ڕیفۆرمخواز ناسراون، لەوانە ئلیاس هزراتی خاوەنی ڕۆژنامەی ئیعتیماد، گوتیان ڕەنگە بەشێک لەوانەی بۆ پۆستی وەزیر دەسـتنیشاندەکرێن متمانەی پەرلەمان بەدەست نەهێنن.

پەرلەمانی ئێران عەلی لاریجانی سەرۆکایەتی دەکات کە بە کۆنەپارێزێـکی میانڕەو ناودێردەکرێت. هەروەها هیچ قەوارەیەکی ناو پەرلەمانەکە نیـیە زۆرینە بێت.

XS
SM
MD
LG