Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: ئازاد بەرزنجی باس لە فەرهەنگی شێرکۆ بێکەس دەکات

  • Balen Salih

شێرکۆ بێکه‌س

ڕۆژی چواری مانگی هەشتی ساڵی 2013 ڕۆژێکی ئاسایی نەبوو بۆ فەرهەنگی کوردی.

لەو ڕۆژەدا کۆستی وشە و شیعر و دەقی واڵا و ڕۆژژمێرەکان کەوتن، هەواڵێکی گورچک بڕ خۆی دا بە هەناوی فەرهەنگ و ڕوناکبیریماندا.

لە پاش مردنی شێرکۆ بێکەس پرسیارگەلێکی زۆر لەسەر داهێنان و نوێخوازی لە شیعردا هاتنە ئاراوە، ئێ ئاخر خوێندنەوەی شیعریش لای ئەم گەورە شاعیرەی کورد خۆی لە خۆیدا داهێنانێکی تری ژیانی فەرهەنگیی بوو.

ئەزموونەکانی شێرکۆ بێکەس، لە پۆستەرە شیعرییەکانی و شانۆنامە شیعرییەکانی و داستانە شیعرییەکانی و دەقە واڵاکانیشدا باشترین نمونەن بۆ زیندوویی گیانی داهێنان لای ئەم شاعیرەمان و درێژەدان بەو خەباتی نوێخوازییەی لە ڕوانگەوە دەستیپێکرد.

لە ساڵی هەزار و نۆسەد و حەفتادا لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێکانیدا لەوانە جەلالی میرزا کەریم، حوسەین عارف، جەمال شارباژێری، مەم بۆتانی، بزوتنەوەی ڕوانگەیان دروستکرد کە بە شەپۆلێکی گەورەی نوێکردنەوەی شیعری کوردی دادەنرێت.

ڕاگەیاندنی ڕوانگە، کاردانەوەی نەرێنی بە دوادا هات بەڵام هەموو ناڕەزاییەکان و ڕەخنەکان و ئەو شتانەی بەرامبەر ڕوانگە دەوتران بە سیاسیشەوە، نەیانتوانی ببنە تەگەرەیەک لەبەردەم ئەم ڕەوتەدا. ڕوانگە بارە باوەکانی شکاند و پرسی ژنانی هێنایە بەر باس و بەیاننامەی ( قەڵەمە نەترسەکان یەکگرن) یان بڵاو کردووە، ئەمە بێ لەوەی لە پاش ڕاگەیاندنی ڕوانگە، دەروازەیەک بۆ ڕەخنەی فەرهەنگی کرایەوە.
بە کوردی و بە کورتی ژمارەیەک نوسەری داهێنەر و بوێر توانییان هەناسە و گیانێکی نوێ و لێوان لێو لە ڕەسەنایەتی بە جەستەی فەرهەنگی کوردیدا بکەنەوە و لەو سڕبوونەی تیایدا دەژیا گەرموگوڕی بکەنەوە.

شیعر لای شێرکۆ بێکەس هەر ئەوەندە نەبوو کە بنوسرێت، بەڵکو چۆنییەتی گەیاندنیش بوو بە خوێنەران، هەر بۆیە هەمیشە کاری لەناو زماندا کردووە وەک کۆڵەکە سەرەکییەکەی دەق و ئەمەش دەکرێت وەک بەشێک لە ئەفسونی شیعری شێرکۆ بێکەس سەیر بکرێت کە خوێنەری خۆی وابەستە دەکرد بە خەیاڵ و فەنتازیای دەقەکانیەوە.

ئەم شاعیرەمان لە وێنە شیعرییەکانیدا باس لە ڕواڵەتە کۆمەڵایەتییەکانیش دەکات هێندە دەستەواژە و وشەی باڵای بەکارهێناوە کە دەکرێت وەک سیمبۆلێک بۆ داکۆکیکردن لە دادوەری کۆمەڵایەتی و هێنانە ئارای یەکسانی کۆمەڵایەتی بەکاربهێنرێت. هەڵوێستەکانی سەروەختی ڕوانگە و دەنگ هەڵبڕینی بۆ ئازادی ژنان باشترین بەڵگەن و دواتریش کە بە دەنگێکی ڕاشکاوانە و بەرزەوە هاواری کرد "من لە ئێستاوە شێرکۆی شەفیقەم" ئەمەشیان نمونەیەکی تری زیندووی هەڵوێستەکانی شێرکۆ بێکەسە بۆ بەگژدا چوونەوەی نیشتمانی پیاو و بەرەنگاربوونەوەی باوکسالاری لە کۆمەڵگەیەکدا کە لەسەر بنچینەی پێناسەکردنی پیاوانە هەنگاو دەنێت.

(ئازاد بەرزنجی) یەکێکە لەوانەی دەمێک ساڵە لە ڕێی شیعرەوە شێرکۆ بێکەسی ناسیوە، ئەگەرچی دیدار و یەکتر بینینەکانیان کەم کەم و ناوبەناو بووە، بەڵام وەک دەڵێت لە ساڵی 1998 ەوە ڕاستەوخۆ لەگەڵ شێرکۆدا بووە و ماوەی 15 ساڵ پێکەوە لە دەزگای سەردەم کاریان کردووە و هێندەی تر پەیوەندیە هزریەکانیان نزیک تر و تێکەڵ تر بوون و ئاڵوگۆڕێکی چڕ و پڕ تری ڕوانینەکانی خۆیان لەسەر شیعر کردووە.

بەرزنجی، ژمارەیەک لە دەقەکانی شێرکۆ بێکەسی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی لەوانە دەقی (دەربەندی پەپولە) و چەندانی دەقی تری ئەم شاعیرە گەورەیەمان.

لە پڕۆژەی دامەزراندنی (دەزگای سەردەم) دا وەک پڕۆژەیەک بۆ دەزگایەکی چاپ و بڵاوکردنەوە،ئازاد بەرزنجی یەکێک بوو لەو کەسە نزیکانەی شێرکۆ بێکەس داوای هاوکاری و پشتگیری لێکردووە بۆ ئەو پڕۆژەیە کە تائێستاش بەردەوامە و کاریگەریشی لە بواری ڕۆشنبیری کوردیدا بەرچاوە.

ئازاد بەرزنجی دەنوسێت " من گەرچی لە مناڵی و لاویمەوە خولیای شیعری شێرکۆ بووم( بەدەر لە شیعرە سیاسییە دروشمئاسا و ڕاستەوخۆکانی کە من لە زۆر بۆنەدا ڕای خۆم پێ وتووە و بەو دواییە خۆیشی هاتبووە سەر ئەو قەناعەتە و دەیوت لە هەموو دیوانەکانم یەک دیوانە شیعری جوانیان لێ دەربچێت، من بەسمە) بەڵام پەیوەندی و تێکەڵاویی دۆستانەمان زیاتر لە ساڵی ١٩٩٨ ەوە دەستی پێ کرد و کەم ڕۆژ هەبوو یەکتر نەبینین و قسە باس و گفتوگۆ نەکەین، یان کەمجار هەبوو شیعرێک، بەتایبەتی شیعرە درێژەکانیم نەداتێ یا بۆم نەخوێنێتەوە تا ڕا و باری سەرنجی خۆمی بدەمێ. واتە پانزدە ساڵ لە تەمەن و لە یادگاری و لەگفتوگۆ و لە پێکەوە کارکردن لە دەزگای سەردەمدا."

شێرکۆ بێکەس لە دووی مانگی پێنجی ساڵی هەزار و نۆسەد و چل لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لە دایک بووە و بە یەکێک لە هەرە دیارترین شاعیرەکانی کورد دادەنرێت کە بەردەوام نوێخوازی و داهێنان لە شیعرەکانیدا هەبووە.

شیرکۆ بێکەس لە ڕۆژی چواری مانگی هەشتی ساڵی دوو هەزار و سیازدە لە شاری ستۆکهۆڵم پایتەختی سوید گیانی سپارد و لەسەر داوای خۆی لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی بە خاک سپێردرا.

بۆچی شێرکۆ بێکەس بووە سیمبولی قۆناغی خۆی و هەروەها فەرهەنگی نەتەوەیەکیش؟

لەو ڕوانگەیەوەی هەر سەروەختێکی فەرهەنگی لە ڕەهەندە جیاوازەکانەوە نیشانەگەلێکی تایبەت بەخۆی بەرهەم دەهێنێت، ئایا هی سەروەختی شێرکۆ بێکەس چین؟

ئایا هەر داهێنان بوو لە شیعردا شیرکۆ بێکەسی تا ئێستاش لە لوتکەی شیعردا هێشتۆتەوە؟

بۆچی گرنگە شیعرەکانی شێرکۆ بێکەس وەربگێڕدرێنە سەر زمانەکانی تر؟ ئایا وەرگێڕانی شیعرەکانی شێرکۆ ئاسانن؟

ئازاد بەرزنجی نوسەر و سەرۆکی دەزگای سەردەم لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی هیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

XS
SM
MD
LG