Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: کورد لە نێوان بەرەکانی شیعە و سوننەدا


شوێنە جوگرافیاییەکەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەها هەڵکەوتووە بکەوێتە نێوان هێزە ڕکابەرە شیعەکان و سوننەکانی ناوچەکە وەک ئێران و تورکیا.

لە مێژە قسە و باس لەسەر ئەوە هەیە ئایا کورد دەبێتە بەشێک لەو ڕکابەرییە؟ یان ئایا کورد دەتوانێت خۆی لە ناکۆکییەکانی نێوان ئێران وەک هێزی یەکەمی شیعەگەرا و هەروەهاش تورکیا و عەرەبستانی سعودیە وەک جەمسەرەکانی سوننەگەرا بپارێزێت؟ ئەمانە بەشێکن لەو پرسیارگەلەی وەڵامی جیاواز دراونەتەوە و وەڵامەکانیش لەسەر ئەو بنچینەیەن کە وەڵامدەر چەندێک نزیکە لە یەکێک لەو جەمسەرانەوە.

دەکرێت بگوترێت تەواوی لایەنە سیاسییە کوردەکان بە ئاینیەکانیشەوە بڕوایان وایە کێشەی کورد، کێشەیەکی نەتەوەییە نەک ئاینی یان ئاینزایی، بەڵام بەشێکی زۆری نزیکبوونەوەکانی کورد لە هەر یەکێک لەو وڵاتانە (ئێران – تورکیا) دەچێتە ئەو خانەیەوەی بە پشتیوانی ئاینزایی لە ناوچەکەدا ناودێر دەکرێت.

هەر بۆیەشە لەو سۆنگەیەوە زۆر جار دەگوترێت کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە ناچاری خزێندراوەتە ناو ئەو جۆرە قەیرانەوە کە پێویستی نییە چونکە هەر جۆرە بەشدارییەک بێت کاریگەریی دەکاتە سەر دۆسێ ڕاستەقینەکەی خۆی و لەوسەریشەوە بە دەست بەتاڵییەوە دێتە دەرێ.

میوانی بەرنامە:

دکتۆر کامەران مەنتک، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان.

لە باشوری کوردستان دابەشبوونێکی بەرچاو بەدیدەکرێت بەتایبەتیش لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستاندا کە زیاتر بەلای بەرەی سوننەگەراییدا ڕۆیشتووە و یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش کە بەلای بەرەی شیعەگەراییدا دایشکاندۆتەوە و وەک شیکەرەوە دەڵێن دەرکەوتنی ئاشکرایانەی ئەو دیاردەی دابەشبوونە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی شۆڕشی گەلانی سوریا.

سەرهەڵدانی ڕێکخراوی تێرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی و ڕێکخراوە توندڕەوەکانی تریش یەکێک بووە لە دەرهاوێشتەکانی ئەو بۆشاییە سیاسی و هزریانەی لە ئاکامی ڕکابەری و شەڕی ئاینزایی ناوچەکە هاتۆتە ئاراوە.

ئەی ئێستا چۆن؟! شەڕی داعش لە عێراق و لە سوریاشدا بەرەو کۆتایی دەڕوات (ئەمە بەو مانایە نییە کە ئیتر مەترسییەکانی داعش نامێنێت-چاودێر وەها دەڵێن) و ئەوەیش کە جێی سەرنجە هێشتا وڵاتانی جەمسەرن لە قەیرانی ئاینزایی ناوچەکەدا زەمینەی جیاوازییەکانیان هەر بە کراوەیی و فراوانی ماوەتەوە و هێشتاش ناوچەکە لە نیگەرانی و دڕدۆنگیدایە بەرامبەر ئایندەی خۆی ئەگەر بێتوو ئەم قەیرانە ئاینزاییە تەمەن نزیکەی 1500 ساڵە درێژەی هەبێت، ئەی دەبێت بۆ نەتەوەیەکی بێ وڵات چۆن بێت؟

ئایا پێویستە کورد ببێتە بەشێک لە قەیرانی ئاینزایی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟

ئایا هەر یەکێک لە جەمسەرەکانی شیعە و سوننە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چۆن لە کورد دەڕوانن؟

ئایا سەرکەوتنەکانی کورد لە شەڕی دژی داعشدا دەبنە مایەی تۆکمەکردنی پێگەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؟

(دکتۆر کامەران مەنتک) پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ( لەگەڵ ڕووداوەکاندا ) وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:29:22 0:00

XS
SM
MD
LG