Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان پاش ڕیفراندۆم

  • Balen Salih

سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ڕاگەیاندنێکدا ڕۆژی یەکی مانگی یازدەی ئەمساڵی دەستنیشانکردووە بۆ هەڵبژاردنە گشتییەکانی هەرێمی کوردسستان (پەرلەمان و سەرۆکایەتی).

ئەم بڕیارەی مەسعود بارزانی وەک لە ڕاگەیاندنەکەدا هاتووە بەپێی یاسای ژمارە یەکی ساڵی دووهەزار و پێنجی سەرۆکایەتی هەرێمە.

دیاریکردنی ڕۆژی یەکی مانگی یازدە بۆ هەڵبژاردنی گشتی لە دەمێکدایە هێشتا قەیرانە سیاسییەکانی هەرێمەکە نەک هەر چارەسەر نەکراون بەڵکو پێشدەچێت ئاڵۆزتر و قوڵتریش بووبنەوە، ئەمە بێ لەوەی چەند لایەنێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا ڕوانینی جیاوازیان سەبارەت بە پۆستەکەی بارزانی هەیە و جەخت دەکەنەوە لەوەی دەبێت پەرلەمان بڕیار لە هەڵبژاردن بدات..

هەوڵێکی زۆر لە ئارادایە بۆ هێورکردنەوەی ئەو ڕەوشەی هەرێمی کوردستان بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێت هیچ تروسکاییەک لەوسەری تونێلەکەوە دەرنەکەوتووە.

پێشتر پڕۆژەکان بۆ چارەسەرکردن سنورداربوون، لەوانە کاراکردنەوەی بە مەرجی پەرلەمانی هەرێم، بەڵام دواتر سەرۆکی کابینەی هەشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی چوارشەممەی ئەنجومەنی وەزیراندا ئاماژەی بەوە کردبووهەوڵەکان دڕێژەیان هەیە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی هەرێم.

نێچیرڤان بارزانی کە جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانیشە دەڵێت پارتی بە فەرمیانە داوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕاندا کردووە و هەروەهاش پارتی ئامادەیە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان بەبێ هیچ مەرجێکی پێشوەخت.

پێشتر بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیش ڕایانگەیاند پێویستە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم و هەروەها ڕیفراندۆمیش پێکەوە بکرێن، یانیش ڕۆژە دیاریکراوەکە بۆ ڕیفراندۆم دوابخرێت.

میوانی بەرنامە:
هیوا عوسمان، نوسەر و ڕۆژنامەوان

دواترین هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ساڵی 2013 دا کرا و هەروەها دوا هەڵبژاردنیش بۆ پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم لە ساڵی 2009 دا بووە.

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکردووە دواتر وەڵامی داواکەی بارزانی دەدرێتەوە. دەمڕاستی کۆمیسیۆن دەڵێت بەر لەوەی وەڵامی داواکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بدرێتەوە، ئەم پرۆسەیە پێویستی بە قسەکردنی ڕژد هەیە لەسەری و پێویست بە تاووتوێکردنی ورد هەیە لەسەری تا بزانرێت پرۆسەکە چۆن و بە چ شێوەیەک بکرێت.

وەک هەوڵێکی تر بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی هەرێم هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە شاندێکی هاوبەندی نیشتمانی کە دکتۆر ئەیاد عەلاوی سەرۆکایەتی دەکات سەردانی جێگرە کوردەکەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی کردووە.

شاندەکە بە ئارام شێخ موحەمەدیان وتووە کە سەرۆکی هاوبەندییەکەیان کەوتۆتە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی ناوخۆی هەرێم و هەروەهاش کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا. شاندەکە داوا لە بزووتنەوەی گۆڕان دەکات پشتیوانی لەو هەوڵە بکات و وەک ئەندامانی شاندەکە باسیان کردووە (بەپێی ڕاگەیاندنی ئۆفیسی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق) ئەیاد عەلاوی لە نزیکەوە لەگەڵ گەورە کاربەدەستانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا وتووێژی کردووە و وەڵامدانەویپارتیشیان بۆ ئەم هەوڵە بە ئەرێنی ناودێرکردووە.

ئایا دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی گشتی (پەرلەمان و سەرۆکایەتی) هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە دۆسێی ڕێفراندۆمەوە هەیە؟
ئایا هەڵبژاردن دەبێتە مایەی چارەسەرکردنی قەیرانە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان؟
ئایا ئەنجامەکانی هەڵبژاردن گۆڕانکاری لە هاوکێشە سیاسییەکانی هەرێمدا دێنێتە ئاراوە؟
ئایا هەڵبژاردنەکان چەندێک کاریگەرییان لەسەر کارا کردنەوەی پەرلەمانی هەرێم دەبێت؟

(هیوا عوسمان) نوسەر و ڕۆژنامەوان لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (لەگەڵ ڕووداوەکاندا) وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

XS
SM
MD
LG