Accessibility links

ڕێکخراوی ئەمنستی دەڵێت ڕاستی و دادپەروەری لە تورکیا نەماوە


سەلیل شیتی سکرتێری گشتی ڕێکخراوی ئەمنستی
سەلیل شیتی سکرتێری گشتی ڕێکخراوی ئەمنستی

ڕێکخراوی ئەمنستی ئنتەرناشناڵ ڕایگەیاند ڕاستی و دادپەروەری بە تەواوی لە تورکیا نەماوە، ئەمەش پاش ئەوەی دادگایەکی ئەو وڵاتە بڕیاری هێشتنەوەی نێو زیندانی دەرکرد بۆ بەڕێوەبەری بەشی تورکیای ڕێکخراوەکە لەگەڵ 5 چالاکوانی دیکە بە تۆمەتی ئەندامێتی لە نێو ڕێکخراوێـکی تێرۆرستیدا.

ئیدل ئەسەر بەڕێوەبەری بەشی تورکیای ئەمنستی لە 5 ی مانگی حەوتەوە دەستگیرکرا لەگەڵ 9 چالاکوانی دیکە کە ئەڵمانی و سویدیشیان لە نێودایە. ئەم گروپە کاتێـک دەسـتگیرکران کە لە ئوتێلێـکی نزیک ئستەنبوڵ ئامادەی کۆڕێـک بوون لە بارەی ئاسایشی دیجیتاڵ و چۆنیەتی ڕێکخستنی زانیاریـیەکان.

ئیدل ئەسەر بەڕێوەبەری بەشی تورکیای ئەمنستی
ئیدل ئەسەر بەڕێوەبەری بەشی تورکیای ئەمنستی

داواکاری گشتی تورکیا ڕۆژی دووشەممە داوای لە دادگا کرد هەر دەیان لە زینداندا بهێڵرێنەوە تاوەکو دادگایی بکرێن بە تۆمەتی ئەندامێتی لە ڕێکخراوێـکی تێرۆرستیدا.

سەلیل شیتی سکرتێری گشتی ڕێکخراوەکە ئەمڕۆ سێشەممە گوتی" داواکارانی گشتی تورکیا ماوەی 12 ڕۆژیان لەبەردەمدا بوو بۆ ئەوەی ڕوونی بکەنەوە ئەم 10 کەسە بێ تاوانن. بڕیاری هێشتنەوەیان لە زیندان نیشانی دەدات ڕاستی و دادپەروەری لە تورکیا بە تەواوی نەماوە."

گوتیشی" ئەمە لێکۆڵینەوەیەکی شەرعی نیـیە، بەڵکو کارێکە مەبەستی سیاسی لە پشتەوەیە، وە ئەمە دۆخێـکی ترسناک بۆ مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا وێنادەکات."

ڕۆژنامەی حوریەتی تورکی ئەمڕۆ سێشەممە نووسیویەتی دادگا بڕیاری بەردانی 4 کەسیانی داوە، بەڵام 6 کەسیان لەوانە ئیدل ئەسەر لە زینداندا بهێڵرێنەوە. ڕۆژنامەکە دەشڵێت دەسـتگیرکردنی ئەم چالاکوانانە لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتە ئاسایشیە بەردەوامەیە کە لەوەتای شکستهێنانی هەوڵی کودەتاکەی مانگی حەوتی ساڵی ڕابردووەو دەسـتیپـێکردووە.

XS
SM
MD
LG