Accessibility links

لە هەولێر هێرش دەکرێتە سەر ڕۆژنامەنووسێک و شاعيرێکيش دەستگيردەکرێت


ئێوارەى ڕۆژى دووشەممە لە شارى هەولێر لە لايەن چەند کەسێکى نەناسراوەوە هێرش دەکرێتە سەر رۆژنامەنووس ئيبراهيم عەباس و وەک خۆى دەڵێت سەرى لە چەند شوێنێکەوە و قاچێکى و دوو پەنجەى دەستى دەشکێنن، دواتر ڕەوانەى نەخۆشخانەى فرياکەوتنى هەولێر کرا.

هەمان رۆژ شاعيرێک بە ناوى ئومێد ئەحمەد وەک خۆى دەڵێت لەسەر ڕەخنەکانى لە لايەن بنکەى ئاسايشى سێتاقانەوە دەست بەسەرکراوە دواتر ئازاديان کردووە.

ئيبراهيم عەباس بۆ دەنگى ئەمەريکا بەم شێوەيە باسى رووداوى هێرشکردنە سەرى دەکات و دەڵێت دەگەڕايەوە بۆ ماڵەوە تەکسيەک هاتە پێشى و ڕايگرت و گوتيان دەرگا بکەرەوە و فڕەى دە خوارەوە و کەوتنە لێدانى سەر و قاچەکانم و قاچ و دەستيان شکاندم ، دارى عەسکەريان پێبوو.

ئومێد ئەحمەد ئەو شاعيرەيە وەک خۆى دەڵێت لە لايەن بنکەى ئاسايشى سێتاقانەوە دەستگيرکراوه لەسەر نووسين و ڕەخنەکانى بەڵام ئاسايش رەتى کردەوە کەوا دەستگيرکرابێت .

ديارى موحەمەد بەڕێوەبەرى سەنتەرى ميترۆ سەبارەت بە ڕووداوى هێرشکردنە سەر ئيبراهيم عەباس و دەستگيرکردنى ئومێد ئەحمەد بۆ دەنگى ئەمەريکا دەڵێت وەک سەنتەرى ميترۆ زور بە توندى ئەو کارە مەحکوم دەکەين و بە تايبەتى لە کەيسى ئيبراهيم عەباسدا داوا لە سەرۆکايەتى هەرێم و حکومەت دەکەين کەوا فەرمان بکەن بە پێکهينانى ليژنەيەکى بەهێز بۆ لێکوڵينەوە لەو ڕووداوەدا.

تارق نورى بەڕێوەبەرى ئاسايشى هەولێر رەتیکردەوە کە ئەوان هێرشيان کردبێتە سەر ڕۆژنامەنووس ئيبراهيم عەباس و ئومێد ئەحمەديان دەستەسەرکردبێت و ئەو دەنگويانە‌شى کە باسى ئەوە دەکەن ئاسايش ئەم کارەى کردووە دورن لە ڕاستيەوە، تارق نورى هەروەها بە ميديا ناوخۆيەکانى هەرێمى کوردستانى راگەياندووە کەسانێک بۆيە وا دەڵێن بۆ ئەوەى ناوى دەزگاى ئاسايشى هەولێر خراپ بکەن، ئەمە لە کاتێکدايە کە ئەرکى ئاسايشى هەولێر پاراستنى ئارامى و ئاسايشى هەولێرە.

XS
SM
MD
LG