Accessibility links

یەکێک لە ئەرکە هەرە سەرەکییەکانی شاعیری داهێنەر کارکردنە لەسەر ڕۆشنبیری.
لەمڕۆی شیعردا زۆرن ئەوانەی شیعر دەنوسن بەڵام ئێجگار کەمن ئەوانەی شیعر دەکەنە بەشێک لە ڕۆشنبیری کۆمەڵگەکەیان و وەک بەشێکی دانەبڕاو لە پرۆسەی ڕۆشنگەرایی (مەعریفی) دایدەنێن.

دانا عەسکەر و دکتۆر ئەحمەدی مەلا
دانا عەسکەر و دکتۆر ئەحمەدی مەلا

بۆ هەر لێکۆڵینەوەیەکی هزری لە قۆناغە ڕۆشنگەراییەکان پێویست بە دەیان و بگرە سەدان پرسیار هەن کە گومانەکان لەسەر ژێرخانە ڕۆشنبیرییەکان قوڵتر بکەنەوە بۆ ڕەتکردنەوە نا بەڵکو لە پێناو گەیشتن بە بەرەنجامێکی بابەتی و زانستیانە و سەردەمیانەدا.

بێگومان پێداچوونەوە بە گوتارە ڕۆشنگەراییەکانی پێشتردا بەشێکە هەر هیچ نەبێت بۆ زانینی ئەوەی چ میراتێکمان بۆ بەجێماوە؟ ئایا میراتێکە لەسەری قەرزدارین و ئەرکمانە ئەو قەرزەی بۆ بدەینەوە؟ یان میراتێکە پێویستی بە نۆژەن کردنەوە هەیە؟

لەوانەیە وەڵامی هەر یەکێک لەو دوو پرسیارە بمانخاتە بەردەم پرسیارێکی ترەوە سەبارەت بەوەی دەقەکان چییان بۆ ڕۆشنگەرایی و فەرهەنگ کردووە بە درێژایی مێژووی فەرهەنگیماندا؟ بێگومان بۆ زانینی ئەمەش پێویستە بزانرێت ئایا دەقەکان چ دنیابینییەکیان بە ئێمە بەخشیوە.

بەشیک لە بەرهەمەکانی دانا عەسکەر
بەشیک لە بەرهەمەکانی دانا عەسکەر

بەبێ هەبوونی ڕەخنەی ڕژد، ڕەخنەیەک کە خاوەنی خوێندنەوە و لێکدانەوە بێت بۆ دەقەکان ناتوانرێت ئاڕاستەکانی دنیابینی دەستنیشان بکرێن، لێرەدا مەرجیشە تێگەیشتنیش لە ڕەخنە بوونی هەبێت.

دانا عەسکەر دەنوسێت " نووسین تەنها لەسیاقی گەیاندنی فیكر كورت ناكرێتەوە ، بۆیە دەبێ تێڕوانینمان بۆ رەخنە تێڕوانینێكی زانستی بێت ، تاكو جیاوازی لە رەسەنایەتی و نارەسەنایەتی رەخنەدا بكەین ، بەوەی لەبری ئەوەی بیر لەوە بكەینەوە رەخنەگر كێیە ، دەبێ بیر لە جیاوازی ململانێ فیكری و مەعریفیەكان بكەینەوە ، كە وەك تیۆرێكی زانستی توانای هەموو دەركەوتە سیاسی وئایدیۆلۆجیەكان بخاتە ژێر پرسیارەوە."

ئەگەرچی ئێستا زیاتر خۆی تەرخانکردووە بۆ لێکۆڵینەوەکان، بەڵام دانا عەسکەر یەکێکە لەو شاعیرانەی لە هەر شیعرێکیدا بەخششێکی نوێی هەیە.
دانا عەسکەر لە شیعرەکانیدا دەفڕێت و وێنای جوانییەکان دەکێشێت و دەروازە دوور و نزیکەکانمان بۆ دەکاتەوە و بە تارماییەکانمان ئاشنا دەکات و پەیوەندییە نهینیەکانمان بۆ ئاشکرا دەکات.

دانا عەسکەر
دانا عەسکەر

ئەگەرچی دانا لەم ماوەیەدا تا ئەندازەیەک لە شیعر دوورکەوتۆتەوە، بەڵام دوورکەوتنەوەکەشی شاعیرانەیە.

ئایا مەرجە بگوترێت ئەوەی شیعر دەنوسێت لە واڵایی (فەزای) شیعر تێگەیشتوە؟

ئایا ئەرکی شاعیر نوسینەوەی ڕابردووە؟

ئایا نەوەی نوێی شیعر توانیویەتی ئاڕاستەکانی بیرکردنەوە لە شیعر بگۆڕێت؟

ئایا هەموو بەگژداچوونەوەیەکی بارە باوەکان کاریگەری ئەرێنی دەبێت بەسەر ڕۆشنگەرییەوە؟

ئایا شاری کەرکوک خاوەنی ڕۆشنبیرییەکی جیاوازە؟ بەو پێیەی کلتوری جۆراوجۆر لە شارەکەدا بوونیان هەیە؟

(دانا عەسکەر) لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (ژیان لە فەرهەنگدا)وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

XS
SM
MD
LG