Accessibility links

كەركوک: حیزب و لایەنە سیاسیەكان لەگەڵ سەرۆک هۆزەكان بەجیا كەوتونوتە جوڵە


سەرۆک هۆزەكانى هەرسێ‌ پێكهاتەى كورد و عەرەب و توركمان داواى ئازاد كردنى حەویجە لە عێراق و هەرێم دەكەن، هەروەها حیزب و لایەنە كوردیەكانیش پشتگیرى لە بڕیارەكانى ئەنجومەنى پارێزگاى كەركوک دەكەن و دژى گرتنەبەرى ڕێوشوێنى ئیدارى و یاساین لەلایەن بەغداوە دژ بە ئەنجومەنەكە.

ئەمڕۆ سەرۆک هۆزەكانى هەر سێ‌ پێكهاتەكە لە كەركوک كۆبونەوە و داواكارى سەرەكیان پەلەكردن بوو لە ئازادكردنى حەویجە، هاوكات وەفدێكى هاوبەشى حیزب و لایەنە كوردیەكانیش سەردانى ئەنجومەنى پارێزگایان كرد، دژایەتى خۆیان بۆ گرتنە بەرى هەر ڕێوشوێنێكى یاسایى و ئیدارى لەبەرانبەر ئەنجومەن لەلایەن بەغداوە لەسەر هەڵكردنى ئاڵاى كوردستان نیشاندا.

ئیسماعیل حەدیدى كەسایەتى دیارى عەرەبى سونەو بەشداربووى كۆبونەوەى سەرۆك هۆزەكان، بەدەنگى ئەمەریكاى ڕاگەیاند "ئامانجمان لەكۆبونەوەكە گەیاندنى داواكارى پەلە كردنە لەئازاد كردنى حەویجە بەهەرێم و بەغدا."

گوتیشی"لەكۆبونەوەكەدا پشتگیرى خۆشمان بۆ هێزە ئەمنیەكان نیشاندا كە ئاسایشى كەركوک دەپارێزن ، ئەو دەنگۆ و پڕوپاگەندانەشمان بەرپەرچ دایەوە كە باس لە دروستبونى مەترسى لەسەر كەركوک و هێرشى داعش دەكەن."

سەرۆک هۆزەكان لەدواى تەواوبونى كۆبونەوەكەیان، لەكۆنگرەیەكى ڕۆژنامەوانى دا باسیان لەوەكرد پێشتر بەڵێنى دەستپێكردنى هێرشى حەویجەیان لەدواى شەڕی موسڵ پێدراوە، بەتایبەت كە ئەو قەزایە مەترسى لەسەر هەموو عێراق دروستكردووە نەك تەنها كەركوك، بۆیە لەرێگەى ئەم كۆبونەوەوە بەڵێنەكە وەبیر بەرپرسانى عێراق دەهێننەوە.

هەر ئەمرِۆش وەفدێكى حیزبە كوردیەكان سەردانى ئەنجومەنى پارێزگاى كەركوكیان كرد و پشتگیرى خۆیان بۆ بریارەكانى ئەنجومەن دووپاتكردەوە، بەتایبەت لەئێستادا كەبەرەى توركمانى لەسەر هەڵكردنى ئاڵاى كوردستان سەرقاڵى تۆماركردنى سكاڵایە لەسەر سەرۆكى ئەنجومەنەكە.

كامەران كەركوكى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى كەركوك، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"پشتگیرى لایەنەكانى كەركوك لە ڕووی مەعنەویەوە گرنگە، بەڵام لەهەمووى گرنگتر هاتنە خەتى سەرۆك كۆمار و نوێنەرانى كورد لەبەغدا و هەرێمە بۆ پشتگیرى كردنى ئیدارەى كەركوك."

كەركوك كە دەوروبەرى هێشتا هێزێكى زۆرى داعشى تێدایە و ناو شارەكەش هێشتا مەترسى چەكدارانى ئەو رێكخراوەى بەسەرەوە ماوە، كەچى لایەنە سیاسیەكان لەناوخۆى شارەكەش لە ململانێیەكى تونددان.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:01 0:00

XS
SM
MD
LG