Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: ڕاگەیاندنی ئازادکردنی موسڵ


مزگەوتی ئەلنوری و منارەی حەدبا لە شاری موسڵ ئازادکرانپاش نزیکەی هەشت مانگ لە دەستپێکردنی کردە لەشکرییەکانی ئازادکردنی موسڵ.

هێزە ئاسایشیە عێراقیەکان ئەمڕۆ پێنجشەممە توانیان بگەنە ئەو مزگەوتە کە هەفتەی ڕابردوو تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی لەگەڵ منارە لارەکەی بووبووە سیمای موسڵ تەقاندنیەوە.

ئەبوبەکر ئەلبەغدادی، سێ ساڵ لەمەوبەر لەو مزگەوتەوە دەوڵەتە خەلافەتیەکەی ڕاگەیاند، هەر بۆیەشە ئازادکردنەکەی دەبێتە ساتەوەختێکی سیمبۆلی بۆ سەرکەوتنەکان بەسەر تێرۆریستانی داعشدا.

وەزارەتی بەرگری عێراق هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە وتوویەتی ، داعش لە شاری موسڵ کۆتایی هات..

لە ڕاگەیاندنێکدا وەزارەتی بەرگری عێراق دەڵێت، داعش لە هیچ شوێن و ناوچەیەکی موسڵدا نەماوە کە دەستی بەسەردا بڕوات و ڕیزەکانی داڕماون و هێزە ئاسایشیەکان کەمیان ماوە سەرکەوتنی یەکجارەکی لە موسڵ ڕابگەیەنن.

میوانی بەرنامە:
دکتۆر ئومێد ڕەفیق، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سلێمانی.

سەرکردە لەشکرییەکانی عێراق داوا دەکەن بە زووترین کات دەستە و تاقمە تەکنیکییەکانی لەشکر بگەنە ئەو ناوچانەی ئەمڕۆ و دوێنێ ئازادکراون بۆ هەڵگرتنەوە یان پوچەڵکرندەوەی بۆمبە چێندراوەکانی داعش.

ئەگەرچی ڕزگارکردنی موسڵ دەبێتە گورزێکی بەهێز لە ڕێکخراوە تێرۆریستییەکەی دەوڵەتی ئیسلامی، بەڵام وەک زۆرێک لە شیکەرەوە هاوڕان لەسەری بە مانای کۆتایی هاتنی دەوڵەتی ئیسلامی نییە لە ڕووی ئایدیۆلۆژی و هزریشەوە.

ئەمە بێ لەوەی هێشتا داعش لە شارۆچکەی تەلەعفەر و ناوچەکانی دەوروبەریشی جێگیرە و هیچ هێرشێکی ئەوتۆش نەکراوەتە سەری.

لەم شەڕانەدا بۆ ڕزگارکردنی موسڵ هێزەکانی حەشدی شەعبی بەشدارییان کردووە لە ئازادکردنی موسڵ و بەشێکی ئەو هێزانەش لە ناوچە سنوریەکانی سوریا جێگیرکراون.

ئەم هێزانە کە بە فەتوای ئایەتوڵا عەلی سیستانی پێکهێنرا پاش ئەوەی بەغدای پایتەختی عێراق کەوتە بەر مەترسی داگیرکردنەوە لە لایەن داعشەوە، هەنگاو بە هەنگاو لە هێزێکی خۆبەخشەوە بووە هێزێکی تۆکمە و لە پەرلەمانی عێراقیشدا بڕیاری نوێی بۆ پەسەندکرا.
ئێستا ژمارەیەک یەکەی ئەم حەشدی شەعبیە لە ناوچە سنورییەکانی پارێزگای موسڵدا لەگەڵ سوریا جێگیربوون و ئەمەش لە دوو ڕەهەندەوە نیگەرانی دروستکردووە، یەکەمیان لای عەرەب و تورکومانی سوننەی ناوچەکە، چونکە ئەم حەشدی شەعبییە بە دروستکراوی ئێران دادەنێن، دووهەمیشیان وەها سەیر دەکرێت کە هێزی ئێرانی لەناو عێراقەوە لەسەر سنوری سوریا دانراوە و ئەمەش ڕۆڵ و کاریگەرییەکانی تاران هەم لە عێراق و هەمیش لە سوریادا زیاتر دەکات.

ئایا ئازادکردنی شاری موسڵ بەبێ ڕزگارکردنی شارۆچکەی تەلەعفەر کۆتایی بە قەیرانی داعش دێنێت لەو پارێزگایەدا؟

ئایا لە دوای موسڵ پرۆسەی ئازادکردنی شارۆچکەی حەویجە دەستپێدەکات؟

ئایا مانەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچە سنوریەکانی نێوان موسڵ و سوریادا جێی مەترسییە بۆسەر جێگیری سیاسی لە موسڵ و لە سوریاشدا؟

ئایا بۆ لەمەودوا چەندێک ئەگەری پێکدادانی بەرژەوەندییەکانی ئێران و تورکیا هەیە لە ناوچەکە؟

ئایا ئازادکردنی موسڵ دڵنیایی دەدات بە ئاوارەکان تا بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان؟

(دکتۆر ئومێد ڕەفیق) لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ رووداوەکاندا وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:28:10 0:00

XS
SM
MD
LG